کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگاییکردنی مادۆرۆ لە نیۆیۆرک

11:09 - 15 بەفرانبار 2725

بریار وایە ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، نیکۆلاس مادۆرۆ بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تاوانەکانی سەبارەت بە قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە نیۆیۆرک ئامادە بێت.

لەمبارەوە سەرۆککۆماری کاتیی ڤێنێزۆئێڵا، دێلسی ڕودریگێز، جێگری سەرۆککۆماری ڤێنێزۆئێڵا کە ڕۆژی شەممە لەلایەن دیوانی باڵای ئەم وڵاتەوە بە شێوەی کاتی بوو بە سەرۆککۆمار و ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن ئەرتشەوە بەفەرمی قەبووڵ کرا، خوازیاری دابینکردنی پێوەندییەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای ڕێز لەگەڵ ئەمریکا بووە، وڵاتێک کە مادۆرۆ و خێزانەکەی سیلیا فڵۆرسی، لە پرۆسەی هێرشێکی نیزامی لەنێو وڵاتی ڤێنێزۆئێڵادا گرتووە.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیلـ"ـی بریتانیایی پێشتر لە ڕاپۆرتێکی ورددا باسی لە هەوڵە تێرۆریستییەکانی سەرۆککۆماری ڤێنیزۆئێلا بە هاوکاریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەمریکا کردبوو.

شایانی باسە کە پێشتر ئەمریکا بە درێژەی چەن مانگ هێرشی کردبووە سەر ئەو بەلەمانەی کە تۆمەتباربوون بە هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر لە نزیک ڤێنێزۆئێلاوە.

دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکە دووپاتی کردووەتەوە کە ڤێنێزۆئێلا لەلایەن ئەمریکاوە ئیدارە دەکرێت، هەروەها ترامپ لە وڵامی پرسیارێک کە دەڵێت؛ ئایا ئەم عەمەلیاتە پێوەندیی بە نەوتەوە هەیە یان گۆڕانی ڕێژیم وتوویەتی کە ئەم بابەتە پێوەندیی بە ئاشتی لە گۆڕەپانەکەدا هەیە.