لە درێژەی گرژییە ناوچەییەکان و زیادبوونی گوشارەکانی سەر ئێران، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، حیزبوڵڵای لوبنان پشتیوانیی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی خامنەیی دووپات کردووەتەوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕایگەیاندووە: "ئەگەر شەڕێک لە دژی ئێران هەڵگیرسێت، ئێمە بێلایەن نابین و ئەو کات دیاری دەکەین کە هەڵوێستمان چۆن دەبێت؛ کە ئایا دەستوەردان دەکەین یان نا."
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، حیزبوڵڵا بێدەنگ نابێت و پشتیوانی و هاوکاریی تەواوەتیی ڕێژیمی ئێران دەکات. سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا لە وەڵامی پەیامە توندەکانی ئەمریکادا جەختی کردووەتەوە: "هەڕەشەکانی ترامپ لە دژی خامنەیی، هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئێمە و مافی خۆمانە وەڵامی بدەینەوە."
ناوبراو لە کۆتاییی قسەکانیدا، خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی ئێرانی بە "تێکدەر" ناو بردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمایەکی ئازاد دروست کراوە کە لە جیهاندا هاوتای نییە.