کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: خاڵی هاوبەشی خەباتی هەموو بەشەکانی کوردستان خەبات بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی کۆماری کوردستانە

12:34 - 7 رێبەندان 2725

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ستادی فەرماندەیی هێزەکانی زاگرۆس بەبۆنەی هەشتایەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان سێمینارێکی بۆ بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێک هێنا.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

کاک حەسەن شەرەفی لە سەرەتای وتارەیەکەیدا وێڕای ڕێز و پێزانینی بۆ گیانفیدایی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد، پەیمانی بەردەوامبوون و درێژەدان بە خەبات و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان لەلایەن ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و درێژەدانی ڕێبازی پێشەوای دووپات کردەوە.

بەڕێز شەرەفی لە بەشێکی وتارەکەیدا باسی لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە سەرانسەری ئێران و کوردستاندا کرد و فیداکاری و گیانبازیی شەهیدانی کوردستان لە کرماشان، ئیلام، لوڕستان و مەڵکشایی لەو ناڕەزایەتییانەدا بەرز نرخاند.

کاک حەسەن لە بەشێکی دیکەدا وێڕای سڵاوناردن بۆ لە گیانی شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕۆژاوای کوردستان، باسی لە دۆخی کورد لەو بەشەی کوردستان کرد و وتی: "دۆستی کوردەکانی ڕۆژاوا لە کاتی شەڕی داعشدا پشتیوانییان لە کورد دەکرد بەڵام لە ئێستادا کە دەبێت لە بەرانبەر ماف و خاکی کوردستان لە ڕۆژاوادا وەدەنگ بێن، بێدەنگن".

ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد لە ساڵوەگەڕی یادی کۆماری کوردستاندا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بەردەوامە.

هەروەها کاک حەسەن شەرەفی خەباتی نەتەوەیەکی زۆرلێکراو و ستەملێکراو و پێویستیی دامەزرانی کیانێکی سەربەخۆی کوردی بە هۆکارەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە قەڵەم دا.

ناوبراو لە نێواخنی قسەکانیدا باسێکی کورتی لە سێ ساڵ خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵەی ژێکاف کرد.

باسکردن لە کەسایەتیی بەرزی پێشەوا قازی محەممەد بەشێکی دیکەی سێمینارەکەی بەڕێز شەرەفی بوو و لەوبارەوە وتی: "پێشەوا قازی محەممەد کەسایەتییەکی ئایینی بوو، بەڵام نەک هەر بابەتی ئایینی بەسەر بابەتی نەتەوەییدا زاڵ نەکرد، بەڵکوو جێگە و پێگە ئایینییەکری بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی تەرخان کرد".

دواتر کاک حەسەن ئاماژەی بە دەسکەوتە مەزنەکانی کۆماری کوردستان وەک ئاڵا، پێشمەرگە، سروودی ئەی ڕەقیب و دەیان دەسکەوتی دیکە کرد و باسی لەوەش کرد کە دروستە کۆماری کوردستان نەما بەڵام حیزبی دێموکرات ماوە و درێژە بە خەبات و تیکۆشان بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان دەدات.

ئەندامی ڕێبەریی حیزب لە درێژەدا وتی دەسەڵاتدارانی ناوەند و هەندێک لایەنی دیکە، ئێمەی کورد بە جوداییخواز لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەوەی جێگای باسە ئەوەیە کە لە سەردەمی پاشایەتی بەتایبەت سەردەمی قاجار و پاڵەویدا زۆربەی ناوچەکانی ئێران لەوابەش بەحرەین لە ئێران جودا بوونەتەوە لە ڕاستیدا ئەوە ئەوانن جوداییخوازن و ئەگەر کوردیش داوای سەربەخۆیی بکات ئەوە بە واتای دابەشکردنی هیچ وڵاتێک نییە بەڵکوو یەکگرتوویی گەلی کوردە.

هەروەها کاک حەسەن ئاماژە بە هەرکام لە بابەتەکانی دوورەدیمەنی دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئێستا و هاتنەسەرکاری ڕێژێمیکی دیکە و ئەگەر و پێشهاتەکانی داهاتووی ئێران، باس لە سیاسەتی ڕوونی حیزبی دێموکرات و پێداگری لەسەر مافی نەتەوایەتی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی، جیاوازیی تێڕوانین و ڕوانگەی گەلی کورد و خەڵکی ئێران بەنیسبەت حیزب و ڕێکخراو و ڕۆڵی کچان و ژنانی لە بەرخۆدانی ڕۆژاوا و ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات کرد.

بەڕێز شەرەفی لە کۆتایی قسەکانیدا پێداگریی لەسەر یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی هەموو لایەنە کوردستانییەکان و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لەو هاوپێوەندییە نەتەوەییەکان بەنیسبەت دۆخی ڕۆژاوا کردەوە و لەوبارەوە وتی: "پشتیوانیی گەلی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان لە دۆخی ڕۆژاوا دەری خست کە حیزبەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان سەرەڕای بیر و ڕوانگەی جیاواز یەکدەنگن".

لە کۆتاییدا، ئامادەبووان ڕاوبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە مژارەکە خستە بەرباس و لەلایەن کۆڕگێڕەوە وڵام درانەوە.