کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویورک تایمز: بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دان بەوەدا دەنێن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چووەتە دۆخی مان و نەمانەوە

11:35 - 15 بەفرانبار 2725

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە، لەگەڵ توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە کۆبوونەوە و وتووێژە تایبەتەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە کۆماری ئیسلامی چووەتە دۆخی مان و نەمانەوە

هەروەها ئەو سێ بەرپرسە ڕایانگەیاند کە ڕۆژی هەینی دوای هەڕەشەی دۆناڵد ترامپ، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە شەودا بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان و ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشە سەربازییەکان بەڕێوە برد.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە ڕێژیم کۆ بووەوە.

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار نووسیویەتی، عێراقچی ئەو قەیرانەی بە شەڕ بۆ "مانەوەی سەروەری"ی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت حکوومەتیش وەسف کردووە.

ناوبراو بە بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندنەکانی ڕاگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ ئاسۆیەکی دانوستان لەگەڵ واشنگتۆن نییە و بڕیاری پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەمریکا لە دەستی ئەودا نییە.

بەپێی زانیارییەکان لە حەوت ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا، لانیکەم ١٧٤ شوێن لە ٦٠ شار لە سەرانسەری ٢٥ پارێزگا شایەتی ناڕەزایەتی یان مانگرتن بوون. لەو ماوەیەدا لانیکەم ٥٨٢ کەس دەسبەسەر کراون، هەروەها هەواڵی گیانلەدەستدانی لانیکەم ١٥ هاووڵاتیی بڵاو کراوەتەوە.

جگە لە خەڵکی ناڕەزایی کە هاتوونە سەر شەقامەکان، ناڕەزایەتی لە زانکۆکانیشدا درێژەی هەبووە. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ١٨ گردبوونەوەی خوێندکاران لە ١٥ زانکۆ لە سەرتاسەری ئێران ئەنجام دراوە، لە هەمان کاتدا دۆخی ئەمنی لە شارەکاندا توندتر بووە و ڕاپۆرتەکان باس لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی قەرەباڵغی وەک گازی فرمێسکڕێژ و لە هەندێک شوێندا بەکارهێنانی چەکی سەربازی دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی بەندکردن بەتایبەت لەنێو مێرمنداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێیان دەربڕیوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکاندا باس لە گواستنەوەی بەکۆمەڵی بەندکراوان بۆ بەندیخانە جۆراوجۆرەکان دەکەن، لەوانە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج بۆ بەندکراوانی ناڕازی و گواستنەوەی نزیکەی ٢٠٠ کەس بۆ بەندیخانەی قوم.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، بەشێک لە بریندارەکان بەهۆی ترسی بەندکردنیان ڕەتیان کردووەتەوە بچنە ناوەندە پزیشکییەکان.

ئەم دۆخە نیگەرانییەکانی لەبارەی نەبوونی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و نادڵنیایی لە شوێنی ڕاگرتنی بەندکراوان و ناڕوونی تۆمەتەکان و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکان بە تایبەت لە کەیسەکانی پەیوەست بە مێرمنداڵان دروست کردووە.