کورد جارێکی تر بۆی سەلمێندرا، کە کورد و چیا، دوو دووانەی وەک یەکن، کە بە درێژایی مێژوو پاڵپشتی یەکتر و لە یەک دانەبڕاون.
دایکانی چیا ڕۆڵەکانی خۆیان بە شیری کانییاوی نیشتمانێک پەروەردە دەکەن، کە پڕە لە خۆشەویستی، کەرامەت و خۆڕاگری. بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ کات و هیچ کوردێک، نەک هەر دەستدرێژیی نەکردووەتە سەر وڵات و پیرۆزییەکانی گەلانی دیکە، بەڵکوو پارێزەری مافەکانیشیان بووە.
هەر وەک ئاگادارن، چەندین ساڵە هێزەکانی کورد، لە ڕۆژاوای کوردستان، لە پانتایییەکی بەرین لە خاکی سووریەدا، بە هەموو پێکهاتە زمانی و ئایینییەکانەوە، لە بەرانبەر هێزە ڕەشە تیرۆریستەکانی داعشدا دەیانپارێزن و لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە. بەڵام مەخابن، ئەوەی کە لە ئێستادا دەبینرێت، گوزارشت لە بێئەمەگی و ناپاکی گەلانی غەیرە کورد و سەوداگەرانی نیوداعشیزمی نێودەوڵەتی دەکات کە سەلمێنەری ڕادەی ئەوپەڕی کینە و دژایەتی بەرانبەر بە نەتەوەی کوردە.
سەدان ساڵە نەتەوەی کورد لە پێناوی دەستڕاگەیشتن بە ئازادی و کەرامەتی نەتەوەیی خۆیدا، خەباتی کردووە و هەر جارەش بە جۆرێک خیانەت و گەلەکۆمەی لێ کراوە. هەر بۆیە ئەزموونی ڕابردوو، ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە هەر کات خەڵک و هێزەکانی کوردستان یەکگرتووانە پشتیان بە ئیرادەی خۆیان بەستووە، سەرکەوتووتر بوون.
لەم دۆخە هەستیارەدا، ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە تەنیا ڕێگە بۆ دەربازبوون لە قەیران و شاڵاوی گەلەکۆمەی هێزەکانی دژەکورددا، خۆی لە بازنەی برایەتی و پشتگیریی هەمەلایەنەی خەڵکی سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا دەبینێتەوە.
ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی هێرشی دڕندانەی میلیشیاکانی سەر بە محەمەد جەولانی بۆ سەر خاکی پیرۆزی کوردستان، بەوپەڕی توانامانەوە پاڵپشتیی خۆمان لە برایان و خوشکانمان لە ڕۆژاوای نیشتمان دەردەبڕین. لەم ڕێگەیەوە داوا لە جەماوەری خەڵکی ئازارچێشتووی کورد بە هەر بیروباوەڕێکەوە دەکەین، کە وەک هەمیشە بە هانای یەکترەوە بڕۆین و هەرچێکمان پێ دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە ئازار و خەمەکانی ڕۆژاوای وڵاتەکەمان ئەنجامی بدەین. بە تایبەتیش داوا لە هێزە کوردستانییەکان دەکەین ئیرادەی نیشتمانیی خۆیان بنوێنن.
بژی کورد
بژی بەرخۆدانی ڕۆژاوا
١. ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی مەریوان ٢. ئەنجومەنی سەوزی چیا ٣. ناوەندی زانستی - فەرهەنگیی ڕۆنان ٤. ناوەندی فەرهەنگی - هونەریی ڤەژین ٥. ئەنجومەنی پێشگیری لە ماددە هۆشبەرەکان (ژیانەوە) ٦. ناوەندی سەلامەتیی ژین ٧. یەکێتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان (یەمامە) ٨. سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ٩. ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی ڕۆجیار
٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی