کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی گاردییەن ڕوویەکی دیکەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان خستە ڕوو

11:13 - 8 رێبەندان 2725

ڕۆژنامەی گاردییەن لە نوێترین ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و کوردستان دژ بە زوڵم و بێدادیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی تاوانە لەبیرنەکراوەکانی ناوەندە سەرکوتەرەکانی ڕێژیمی تاران بڵاو کردەوە.

ڕۆژنامەی "گاردییەنـ"ـی بریتانیایی لە زاری لێکۆڵەرێکی ئاگادار لە دۆخی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ وردەکاریی زیاتری لەبارەی سەرکوتی خوێناوی و تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لە گۆڕی بەکۆمەڵ، داڕمانی سیستەمی دەرمانی، بەربڵاویی کوشتوبڕەکان لەژێر سێبەری بڕینی تەواویەتی ئینتێرنێتدا کراوە.

 گاردییەن لە زاری پزیشکێکەوە کە بەهۆی بواری ئەمنییەتییەوە ئاماژە بە شوناسی نەکراوە، بڵاوی کردەوە کە زۆربەی بریندارەکان بەهۆی ترس لە کوژران و شناساییکرانیان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە ڕوو لە بنکە تەندروستییەکان ناکەن.

ئەو پزیشکە بە گاردییەنی ڕاگەیاندووە کە زۆربەی زۆری بریندارەکان بە شێوەی نهێنی دەرمان دەکرێن و هەندێکیان بەهۆی نەبوونی کەرەستە و دەرمانی پێویست یان شەهید کراون یان کەمئەندام بوون.

هەروەها ئەو پزیشكە ڕایگەیاندووە کە ئەو ئامارانە لەبارەی شەهیدکراوان و بریندارەکان بڵاو کراونەتەوە، زۆر کەمتر لە ئاماری ڕاستەقینەیە و ڕێژەی شەهید و بریندارەکان زۆر لەوە کارەساتبارترە.

زانیارییەکانی ئەو پزیشکە لەکاتێکدایە بەپێی هەڵسەنگاندنەکان ڕۆژنامەی گاردییەن لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە هەتا ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، زیاتر لە ٣٠ هەزار و ٣٠٤ کوژراو تۆمار کراون.

بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتە تەرخان کراوە بۆ دۆخی ساردخانە، گۆڕستان و نەخۆشخانەکانی سەرانسەری ئێران و لەوبارەوە نووسراوە: "تەرمی کوژراوان بە کامیۆنی ڕاگواستنی شتومەکی خۆراکی و گۆشتی سوور ڕاگوێزراون و ساردخانە و گۆڕستانەکان پڕن لە تەرمی کوژراوان".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامە بریتانیاییە، ڕێژەی کوژراوان لە ئاستێکدایە کە ساردخانەکان چەند قات زیاتر لە چەندایەتییان تەرمیان تێدا ڕاگیراوە و دواتر بەبێ تۆمارکردنی زانیاریی تاکەکەسیی کوژراوان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون.

گاردییەن لەو ڕاپۆرتەیدا ئاستی تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵکوژیی جووەکان بە دەستی نازییەکان لە بابین یاری ئۆکراین شوبهاندووە.