کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکان لە بەرزبوونەوەدایە

11:25 - 8 رێبەندان 2725

بەپێی نوێترین داتا بڵاوکراوەکانی هەواڵدەریی هێرانا، تا ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندان، واتە سییەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییەوە پشتڕاست کراونەتەوە، گەیشتووەتە شەش هەزار و ١٢٦ کەس کە ئەمەش بەنیسبەت ئامارە بڵاوکراوەکانی پێشتری ئەم هەواڵدەرییە لە سەدان کەس زیاترە.

هێرانا ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە لە ئەمریکایە، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا نووسیویەتی ژمارەی ئەو کوژاراونەی کە خەریکە لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەکرێ تا ئێستا ١٧ هەزار و ٩١ کەسە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەنێو کوژراوە پشتڕاستکراوەکاندا، ٥٧٧٧ کەسیان خۆپیشاندەر،  ٨٦ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، ٢١٤ کەسیان هێزی سەر بە ڕێژیم و ٤٩ کەسیشیان خەڵکی مەدەنی بوون.

ئەم ئامارانە لەکاتێکدا بڵاو کراونەتەوە کە بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت و پچڕانی ڕێڕەوی پەیوەندییەکان، زانیاریی ورد لە کوژراو و بریندارەکان کە دەکرێت زیاتر بێت لەبەر دەستدا نییە و ناتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ژمارەی قوربانییان پشتڕاست بکرێتەوە.

گۆڤاری تایم ڕۆژی یەکشەممە بە وتەی دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ١٨ و ١٩ی  بەفرانبار کە سەرکوتکردنی خوێناویی ڕێژیمی ئێران گەیشتە لووتکە، لانیکەم ٣٠ هەزار کەس لە شەقامەکانی شارە جۆراوجۆرەکاندا کوژراون.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە پێشتر بڵاو کراونەتەوە خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران زیاتر لە ١٣٠ شار و لە نزیکەی چوار هەزار شوێنی دیکەی ئەو وڵاتە ڕووی داوە.