کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنییەتیی نوێ لەگەڵ ئەمریکا

11:33 - 8 رێبەندان 2725

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکان لە نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و هەروەها هێزە نیابەتییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ناوچە، ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" باسی لە ڕێککەوتننامەی نوێی نیزامی و ئەمنییەتیی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" لە ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندان، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنییەتی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ.

بەپێی ئەم ڕۆژنامەیە، ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل لەم گفتوگۆیانەدا درێژەدان بە پشتیوانی نیزامی ئەمریکایە، هەرچەند ڕێبەرانی ئیسرائیل هەمان کات ئاماژە دەدەن کە بەرنامەیان هەیە بۆ داهاتوویەک کە تێیدا ئاستی یارمەتی ماڵی ڕاستەوخۆی ئەمریکا کەمتر دەبێت.

گیل بنحاس، ڕاوێژکاری دارایی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، لە وتووێژ لەگەڵ "فایننشاڵ تایمز" وتی: ئیسرائیل لە هەوڵدایە پرۆژەکانی هاوبەشی نیزامی و بەرگری بخاتە پێش وەرگرتنی یارمەتییەکانی نەختی.

بنحاس بە جەختکردنەوە لەسەر گۆڕانی تێڕوانینی ئیسرائیل بۆ هاوکارییە ئەمنییەتییەکان زیادی کرد: "لەو چوارچێوەیەدا، هاوبەشی لە پارەدان گرینگترە. شتێکی زۆر هەیە کە دەتوانێت هاوسەنگی پارە بێت و تێڕوانین بۆ ئەم بابەتە پێویستە فراوانتر بێت".

ناوبراو هەروەها وتی کە یارمەتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا کە نزیکەی ٣.٣ میلیارد دۆلارە و ئیسرائیل دەتوانێت بۆ کڕینی کەرەستەی نیزامیی ئەمریکایی بەکاری بهێنێت، یەکێک لە خاڵەکانی نووسراوەی تێگەیشتنە کە دەکرێت بە هێواشی کەم بکرێتەوە.

ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٦دا نووسراوەیەکی تێگەیشتنی ١٠ ساڵەیان واژۆ کرد کە تا مانگی سێپتامبری ٢٠٢٨ بەردەوامە و بەپێی ئەو، ٣٨ میلیارد دۆلار یارمەتی نیزامی پێشبینی کراوە کە تێیدا ٣٣ ملیارد دۆلار یارمەتی بێ‌گەڕانەوە بۆ کڕینی کەرەستەی نیزامی و ٥ میلیارد دۆلار بۆ سیستمەکانی بەرگریی مووشەکی تێدایە.

هەوڵی ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتننامەی نوێ لەگەڵ ئەمریکا لە حاڵێکدایە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، بە تایبەتی لە بوارە مووشەکی و ناوچەییەکاندا، بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین نیگەرانییەکانی ئەمنییەتی تێلاڤیڤ.