دەوڵەتی ئیتالیا ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپادا پێشنیار دەکات کە سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆریستیی یەکیتیی ئورووپاوە.
بە وتەی بەرپرسێکی ئیتالیایی، ئەم دەسپێشخەرییە لە کاردانەوە بە سەرکوتی ناڕەزایەتییاکانی ئەم دواییانە لە ئێران و کوشتاری بەربڵاوی خەڵکی مەدەنی دەخرێتە ڕوو و پەسەندکردنیشی پێویستی بە کۆدەنگیی هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپادا هەیە.
ئانتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، بە ئاماژە بە زیادبوونی ئاماری کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکان، جەختی کردەوە کە دۆخی ئێستا پێویستی بە وڵامێکی ڕوون لەلایەن یەکێتی ئورووپاوە هەیە.
هاوکات بەرپرسێکی ئورووپایی ڕایگەیاندووە کە ئەم پێشنیارە لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدایە، بەڵام ڕێککەوتنی تەواو لە نێوان ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپادا نییە.