کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی لانیکەم ١٦ خۆپیشاندەر و دەسبەسەرکرانی نزیک بە ٦٠٠ کەس لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا

16:26 - 15 بەفرانبار 2725

بە گوێرەی زانیارییە بلاوکراوەکان لەمەڕ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، لە ماوەی ٩ ڕۆژ خەبات و ناڕەزایەتیی خەڵک لە سەرانسەری ئێران لە دژی هەڵاواردنی سیستماتیک، نەداری، دۆخی نالەباری ژیان، نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، هەڵاوارنی نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئایینی، ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم زیاتر لە ١٦ خۆپیشاندەریان کوشتووە و نزیک بە ٥٨٢ کەسیان دەسبەسەر کردووە.

لە ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هێرانا، ١٧ کەس و بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو ١٦ کەسی ناڕازی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها هێرانا باسی لە دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ٥٨٢ کەس لەو ماوە زەمەنییەدا کردووە.

 بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، زۆربەی توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر ناڕازییان لە دژی خەڵکی کوردستان بەتایبەت پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان بووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەتا ئێستا هەر جۆرە ناڕەزایەتی، ڕاپەڕین، بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی نەتەوەکانی ئێران و داخوازیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی بە توندوتیژیی بێبەزەییانە و هەڵسوکەوتی دڕندانە وڵام داوەتەوە و هەوڵی کپکردنی هاواری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی داوە.