یەڵدا عەباسی هونەرمەندی ناوبەدەری کورد و خەڵکی خوراسان و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، پێشتر بەناو دادسەرای ئێڤین بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم لە پێوەندیی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا سزای ساڵێک بەندکرانی داسەپاوی بەشێوەی غیابی بەسەر یەڵدا عەباسی هونەرمەندی کورددا سەپاندبوو.
شایانی باسە ناوبراو بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە بەهۆی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دۆسییەسازی بۆ کرا و لەو کاتەدا کە بۆ کاروباری پاسپۆرتەکەی سەردانی کەڵانتەری کردبوو، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ کەڵانتەری و دواتریش بە مەبەستی جیبەجێکرانی سزا داسەپاوەکەی بۆ بەندیخانەی وەکێل ئابادی مەشهەد ڕاگوێزراوە.
یەڵدا عەباسی هونەرمەندی ناوبەدەری کورد و خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوورە و لە ١١ ساڵییەوە دەستی بە چالاکیی هونەری کردووە و ماوەی چەندین ساڵە لە دەرەوەی وڵاتدا درێژەی بە کاری هونەری خۆی داوە و لەلایەن چەندین وڵاتی ئورووپایی و جیهانییەوە خەڵات کراوە و بێجگە لە بواری هونەری، لە بواری کەلتووری و کۆمەڵایەتیشدا چالاکە.