کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ٤٠ وڵاتی دیکە بۆ جێبەجێکردنی دووبارەی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت دژی ڕێژیمی تاران کۆ بوونەوە

17:07 - 8 رێبەندان 2725

لە درێژەی هەوڵی بەردەوامی وڵاتانی جیهان لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا و ٤٠ وڵاتی دیکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی دووبارەی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆ بوونەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەنداندا ڕایگەیاند کە لەو کۆبوونەوەیەدا کە حەفتەی ڕابردوو بەڕێوە چووە، بەشداربووان تەواوی بابەتە پێوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی بەڵێنی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ڕێژیمی تارانیان تاوتوێ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە بە سەرنجدان بە بەردەوامیی هەڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێویستە جێبەجێکردنی بەربڵاوی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت و هەوڵەکانیان بۆ سنووردارکردنی هەوڵە هەڕەشەئامێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی بناسن.

پێشتر ڕێبەرانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش وێڕای پاڵپشتی لە گەڕانەوەی سزاکان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆماری ئیسلامی، بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمیان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی جیهان زانی.

گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کە بەپێی ڕێککەوتنی ناوکیی تاران و زلهێزەکانی جیهان ڕاگیرابوو، دوای دە ساڵ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر بە کاتی تاران بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گەڕانەوە و دۆسییەی بەرجام  بەفەرمی داخرا.

هەر لەو پێوەندییەدا دوابەدوای چالاککردنی مێکانیزمی ماشە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بە نایاسایی و ناڕەوا ناو برد و هۆشدارییان دا کە هەر کارێک کە لەسەر بنەمای بڕیارنامەکانی ئەو ڕێکخراوە بێت، لەگەڵ وڵامی تاران بەرەوڕوو دەبێتەوە.