کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەندیکای کرێکارانی ئوتوبوسرانی تاران: کەم‌تێچووترین ڕێگا کشانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتە

17:09 - 8 رێبەندان 2725

سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحیدی ئوتوبوسڕانیی تاران و دەورووبەر، سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییە و کوشتاری خۆپیشاندەران لەلایەن کۆماری ئیسلامی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

ئەو سەندیکایە بە ئاماژە بە چەندین دەیە کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن کۆماری ئیسلامی، کوشتاری ئەو دواییەی بە کۆتاییهاتنی هەر چەشنە هیوایەک بۆ گۆڕانکاری لەنێو ڕێژیم تەنانەت لەناو خۆش‌خەیاڵ‌ترین کەسەکان زانی.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "ڕێژیم بزانێت کە لەسێدارەدانی هەزاران کەس لە دەیەی ٦٠ نەیتوانی پێش بە مافویستی و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵک بهێنێت. کوشتاری بەکۆمەڵ و سێدارەکانی ئەمڕۆکەش توانای کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییە قووڵە کۆمەڵایەتییەکانی نییە و تەنیا ئاستی تووڕەیی خەڵک زیاد دەکات و کەم‌تێچووترین ڕێگا بۆ خەڵک و وڵات، کشانەوەی خێرای کۆماری ئیسلامی و وەستانی ماشینی کوشتار، سەرکوت و وێرانی ئێرانە.

لە کۆتایی بەیانینامەکەدا هاتووە کە ڕزگاریی ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران تەنیا لە ڕێگای ڕێبەریی کۆمەڵایەتی و بەشداریی هۆشیارانە، ڕێکخراو و سەربەخۆی تەواوی چینە کرێکارییەکان و هەروەها چین و توێژە ستەملێکراوەکانی دیکە لە ناوخۆی ئێراندا دەست‌ مسۆگەر دەبێ.