لە درێژەی ناڕەزایەتییە بەربڵاوە سەرانسەرییەکانی ئێران، بڵاوڤۆکی تایمزی بریتانیایی لە دووتوێی ڕاپۆرتێکی ورددا ئاماژەی بە ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی داوە کە ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بێت، بەرەو ڕووسیە هەڵدێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دووتوێی پلانەکانی لە ئاکامی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، پلانی "بی" داناوە کە ئەگەر هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سەرکوت و بەرەنگاریی خەڵکی وەزاڵەهاتوودا سەرکەوتوو نەبن، بەرەو ڕووسیە هەڵبێت.
ئەو ڕاپۆرتەدا بەوردی پەرژاوەتە سەر پلانی "بیـ"ـی خامنەیی و نووسیویەتی: "بەپێی گەڵاڵەی دیاریکراو، خامنەیی و بازنەیەکی ٢٠ کەسی لە دەوروبەرییەکانی و بنەماڵەکەی لەوانەش موجتەبای کوڕی بەرەو ڕووسیە هەڵدێن".
تایمزی بریتانیایی ئاماژەی بەوە داوە کە یەکێکی دیکە لە هەڵاتووەکانی دەوروبەری خامنەیی، عەلی لاریجانییە.
هەروەها زانیارییەکانی ئەو بڵاڤۆکە دەرخەری ئەوەیە کە عەلی خامنەیی لەو گەڵاڵەیەدا، هەوڵی کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و پارەی نەختی دەدات و بەرەبەرە خەریکی ناردنی سامانەکەی بەرەو مۆسکۆیە.
شایانی باسە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی وەکوو ڕابردوو کوشتنی خەڵکی خۆی دەست پێ بکات، ئەمریکا بە توندی دژکردەوەی دەبێت".
ترامپ لە وڵامی ڕۆژنامەواناندا و بە ئاماژەدان بە گیانلەدەستداوان ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕایگەیاند: "ئێمە بەوردی چاوەدێریی ئەو ناڕەزایەتییانە دەکەین، ئەگەر وەکوو ڕابردوو خەڵک بێبەزەییانە بکوژرێن، ئەوا بەخێرایی بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی دەبینەوە".