گیانی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەترسیی تەواودایە و حەزیای تێرنەبووی ئەم ڕێژیمە بە خوێنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، قوربانیی زیاتری دەوێ.
لە درێژەی سەرکوت و جینایەتی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە ڕاپەڕینی مەدەنییانەی خەڵکی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە، بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکانی دەسبەسەرکراو گیانیان لە مەترسیدایە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدان، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی پێوەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا کوشتارێکی سیستەماتیکیان لە نێودا بەڕێوە بەرێت.
ئەوەی لە ئێستادا خەڵک و چالاکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نیگەران کردووە، تەنیا سەرکوتی سەر شەقام نییە، بەڵکوو ئەو پیلانە پڕ لە سەرکوت و جینایەتەیە کە ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی “کۆمەڵگە و هەروەها قەرەبووکردنەوەی شکست و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی”، دەست بۆ کوشتنی دەسبەسەرکراوان ببات.
لێرەوە ڕوو لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئازادیخواز دەکەین؛ بێدەنگی لە ئاست ئەم جینایەتانە، دەبێتە هۆی دەستاوەڵڵاهێشتنەوەی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم نیزامە سەرکوتکەرە بۆ درێژکردنەوەی تەمەن و دەسەڵاتی پڕ لە سەرکوت و جینایەتی خۆی، ئامادەیە هەموو نەتەوەکانی ئێران بکاتە قوربانی. پێویستە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕێژیم چڕ بکرێنەوە و لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی دەسبەسەرکراوان پێک بهێنرێت و لە ئاست ئەو هەموو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ بێدەنگ نەبن.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ی میلادی
٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی