کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی فەرانسە لە هەوڵەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

10:34 - 9 رێبەندان 2725

پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیارنامەی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی بەهۆی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران پەسەند کرد و فەرانسە لە نوێترین هەڵوێستیدا پشتیوانیی تەواوی لەو بڕیارەی ئورووپا دووپات کردەوە.

هەواڵدەریی فەرانسە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندان بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆشکی ئێلیزە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا دەوڵەتی فەرانسە بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ڕاگەیاند.

هەروەها ژان نۆئێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە پەیامێکی فارسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا پێداگریی لەسەر  ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێت سزا بدرێت و لەوبارەوە نووسیویەتی: "سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتیی هێمنانەی خەڵکی ئێران نابێت بێوڵام بمێنێتەوە، بوێریی بێوێنەی خەڵکی ئێران لە بەرانبەر توندوتیژیی کوێرکوێرانەی دەسەڵاتدارانی تاران بێئاکام نامێنێتەوە".

لە درێژەی پەیامی بارۆدا هاتووە کە فەرانسە بە هاوکاریی هاوپشکە ئورووپاییەکانی، لە برووکسێل سزاکان دژی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کارا دەکات و چیتر ڕێگە بە بکەران و تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی نادرێت سەردانی ئورووپا بکەن و دەست بەسەر ماڵ و سامانەکانیاندا دەگیردرێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا پێداگرە لەسەر ئەوەی ڕێژیمی تاران دەبێت بەندکراوان ئازاد بکات، کۆتایی بە جێبەجێکردنی سزای سێدارە بێنێت، گەمارۆی دیجیتاڵی دژ بە خەڵکی خۆی هەڵوەشێنێتەوە و ڕێگە بە شاندی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەر بە شۆرای مافی مرۆیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات لەبارەی تاوانەکانی دژ بە خەڵکی ناڕازی لێکۆڵینەوە بکەن.