کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هاوژین و دایکی دوو شەهیدی کوردستان

16:46 - 15 بەفرانبار 2725

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خاتوو دڵبەر هۆدچی هاوژینی شەهید فەتحوڵڵا ئیسماعیلی و دایکی شەهید مەلاجاسم ئیسماعیلی لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

خاتوو دڵبەر لەو دایکە غەدرلێکراوانەی کورد بوو کە هەم هاوژین و هەم کوڕێکی بەدەستی ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامی شەهید کراون.

شەهید فەتحوڵڵا هاوژینی خاتوو دڵبەر و باوکی مەلاجاسم لە بەهاری ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لەلایەن تاقمێک جاشی خۆفرۆشەوە لەگەڵ دوو لە خزمانی خۆی بە هۆکاری ئەوەی مەلاجاسم پێشمەرگەی حیزبە، لە ماڵی خۆیان لە گوندەکانی عەبدی بەگ و کانی سپی شەهید کران. ئەوان خەڵکی ئاوایی واربڵیند بوون و ساڵێک پێشتر ڕێژیم ئاواییەکەیانی خاپوور کردبوو و ئەوان هەر یەکەیان لە گوندێکی دیکە گیرسابوونەوە.

مەلاجاسم یەکێک لە پێشمەرگە و فەرماندەرە ناسراوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری بوو کە لە ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاوی، دوای شەڕێکی سەخت و نابەرابەر، بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی ڕێژیم و ساڵێک دواتر لە زیندانی ورمێ لە سێدارە کرا.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.