کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی‌ئێن‌ئێن: ترامپ هەموو بژاردەکان سەبارەت بە ئێران تاوتوێ دەکات

15:37 - 9 رێبەندان 2725

کاناڵی "سی‌ئێن‌ئێن" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ، هێشتا هەڵبژاردەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەگەری هەر هەنگاوێک دژ بە ئێران تاوتوێ دەکات و سەرەڕای توندبوونی وتار و جووڵە نیزامییەکان، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.

ئەم دۆخە ناڕوونە سیاسییە لەکاتێکدا بەردەوامە کە هێزەکانی ئەمریکا مانۆرێکی ئاسمانی چەند ڕۆژەی ئامادەیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدەن.

ئەم مانۆڕە لە چوارچێوەی زیادکردنی ئامادەیی نیزامی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە سێبەری زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئەنجام دەدرێت.

لەو پەیوەندییەدا، دێرێک فرانس، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانیی "فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا"، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی ئێمە نیشان دەدات کە دەتوانن لە بارودۆخی قورسدا، بە شێوەی بەربڵاو جێگیر بن و هێرش بکەن و ئەو هێرشە جەنگییانە بەوردی و سەلامەتی تەواو، لەگەڵ هاوپەیمانانمان جێبەجێ بکەن.

ئەم مانۆڕە نیزامییە لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە ترامپ پێشتر ئاگاداریی دا بوو کە ناوگرووپێکی نیزامی لە ڕێگایە بەرەو ئێران و لە دوای کەمپەینی سەرکوتی خۆپیشاندانە دژەحکوومەتییەکانی مانگی بەفرانباردا، بە کردەوەی نیزامی هەڕەشەی لە تاران کرد.

"سێنتکام" ڕاگەیاندووە کە ناوی فڕۆکەهەڵگری "یوئێس‌ئێس ئابراهام لینکۆڵن" پێشتر گەیشتووەتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە هەمان کاتدا، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەکانی دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ئەگەری هێرشی ئێران، تاران لەگەڵ هێزیک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە تا ئێستا نەیدیوە.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێرانیش هۆشدارییان داوە کە هەر هێرشێکی ئەمریکا بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکان و بنکە نیزامییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وڵام دەدرێت.