کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ڕەشبگیریی هاونیشتمانییان لە ئیلام

15:43 - 9 رێبەندان 2725

 لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانییان لە پارێزگاکانی کوردستان، بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، زیاتر لە ٢٥ هاونیشتمانیی ئیلامی لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تارانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەرفرانبار هەتا ٨ی ڕێبەندان ٩ هاونیشتمانیی کوردستانی خەڵکی شار و ناوچە جیاوازەکانی ئیلام بە شێوەی توندوتیژانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

لە ڕاپۆرتی کوردپادا ئاماژە بەوە دراوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەو هاونیشتمانییانە، لە شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی وەپاڵدراویان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە دەرخەری ئەوەیە کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هێرشبردنەسەر ماڵی ئەو بەندکراوانە، بە ئەشکەنجە و بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەریان کردوون و ماڵەکانیان بە تەواوی شێواندوون.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هەمان ڕێکخراو، ١٥ هاونیشتمانیی دیکە لەوانەش دوو ژن لە ئیلام دوای ١٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی تارانەوە، چارەنووسیان نادیارە.

ئەم هاونیشتمانییانە هاوشێوەی ئەو ٩ بەندکراوەی دیکە لە کاتی دەسبەسەرکرانیاندا ئەشکەنجە دراون و ماڵەکانیان بە تەواوی شێوێندراوە.

شایانی باسە هەتا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەم ١٥ هاونیشتمانییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.