کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی سێ برا و دەسبەسەرکردنی دوو کەسیان

15:45 - 9 رێبەندان 2725

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لە پارێزگای ئیلام، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەشێوەیەکی توندوتیژانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سێ برای کورد و دوو کەس لەوانیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە‌شێوەی توندوتیژانە هێرشیان کردە سەر ماڵی سێ برای کورد بە ناوەکانی "ساسان پاکڕەوان" ٢٢ ساڵە، "ئێحسان پاکڕەوان" ٣٩ ساڵە و "ئەحمەد پاکڕەوان" ٣٧ ساڵەی خەڵکی ئاوایی "سەراب کارزان"ی سەر بە شاری "سیروان" و دانیشتووی شاری ئیلام.

لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، ساسان و ئێحسان پاکڕەوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

ئێحسان پاکڕەوان کە پێشتریش زیندانیی سیاسی بووە توانی لەدەستی هێزەکانی ڕێژیم خۆی ڕزگار بکات، بەڵام بێ‌ئاگایی لە بارودۆخی، نیگەرانییەکان لەمەڕ دەسبەسەرکرانی ناوبراوی زیاد کردووە.

شایانی باسە کە لەدوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە ئیلام و کرماشان و شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتیی کورد، کەشێکی ئەمنی و نیزامی باڵی بەسەر ئەو دوو پارێزگایەی کوردستاندا کێشاوە و تا ئێستا سەدان هاووڵاتیی کورد بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بەشێوەی توندوتیژانە لەلایەن ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.