مستەفا شڵماشی، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە بانگەوازێکدا کە لە ڕێگەی ماڵپەڕی گیاڕەنگەوە بڵاوی کردووەتەوە، ڕوو لە ناوەندە مرۆڤدۆستەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تیشکی خستە سەر ئەو زوڵمە مێژووییەی لە نەتەوەی کورد دەکرێت. شڵماشی ڕایگەیاند کە کورد وەک نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆن کەسی لە ناوچەیەکی پڕ لە سامان و دارایی سروشتیدا دەژین، بەڵام بەهۆی داگیرکاری و تاڵانکردنی سەروەتەکانیان، ئێستا لە دۆخێکی سەختی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئاماژەی بەوە دا کە کورد هەمیشە وەک سەربازێکی ون لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە مرۆڤایەتی بووە و تەنیا بۆ پاراستنی ژیان جەنگاوە، بەڵام لە بەرامبەردا بە کۆمەڵکوژی، کیمیاباران و لەسێدارەدان وەڵامی دراوەتەوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە کورد لە شەڕی دژی داعشدا هەزاران کچ و کوڕی کردە قوربانی بۆ ئەوەی هەموو جیهان پارێزراو بێت، کەچی ئێستا هەر ئەو تێکۆشەرانە لە ڕۆژاوای کوردستان کەوتوونەتە بەر پەلاماری ڕژێمی جۆلانی و گرووپە توندڕەوەکانی سەر بە ئەردۆغان کە پاشماوەی داعش و قاعیدەن.
شڵماشی لە درێژەی بانگەوازەکەیدا هۆشداریی توند دەدات کە تیرۆر جارێکی تر گەڕاوەتەوە و داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردەوە بێتە دەنگ و هاوکاریی مرۆیی و ئیمکاناتی ژیان بگەیەنێتە شارە گەمارۆدراوەکانی وەک کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ. هەروەها ئاماژەی بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە زیاتر لە چل ساڵە ڕووبەڕووی سێدارە، برسی کردن و تاڵانی بووەتەوە و داوای کرد ئەو خەباتکارانەی سینگیان کردە قەڵغان بەرامبەر تاریکی، لە ماڵی خۆیاندا بێ هیوا نەکرێن.