دوابەدوای هەڕەشە سەربازییە دژ بە یەکەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی ڕێژیمی تاران لە یەکتر، عەلی لاریجانی هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە کە ئەگەر هێرش بۆ سەر ڕێژیم دەست پێ بکات، باڵوێزخانەکانی لە عەرەبستان، قەتەر و ئیمارات دەکاتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، عەلی لاریجانی نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللیی ڕێژیم لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا پێوەندیی بە هەر سێ وڵاتی عەرەبستان، قەتەر و ئیماراتەوە گرتووە و هۆشداریی داوە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکادا هێرش دەکەنە سەر باڵوێزخانەکانی لەو وڵاتانەدا.
شایانی باسە پێشتر عەلی شەمخانی، نوێنەری عەلی خامنەیی لە شۆرای باڵای بەرگریی ڕێژیمدا ڕایگەیاندبوو کە " وڵامی توندی هەر هەوڵێکی دوژمنکارانە لەلایەن ئەمریکاوە دەدەنەوە کە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل یەکێک لەوانەیە".
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە پێوەندی و هاواهەنگییە بەردەوامەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەرخەری ئەوەیە کە ئەمریکا لێبڕوانە بڕیاری هێرش دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی داوە و تەنیا کاتی لێدان و هێرشەکە نادیارە.
شایانی باسە سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو کە لە ئەگەری سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزە و دوای کوشتاری بێوێنەی ناڕازییان، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.
هەر لەو پێوەندییەدا، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ڕادیۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ناوەندە بەرگریکارەکانی ئیسرائیل لەو بڕوایەدان کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و ناردنی فڕۆکەی شەڕکەر و کەرەستەی سەربازیی زیاتر لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ببێتە هەلێک بۆ هێرشی بەربڵاوی ئەمریکا بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.