کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەزڵووم عەبدی: هێزەکانمان لە ناوچەکانی خۆماندا دەمێننەوە

11:39 - 11 رێبەندان 2725

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات (هەسەدە) لەبارەی وردەکاریی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی کاتیی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاواوە ڕایگەیاند کە ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆ ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و پاراستی ناوچەکە و خەڵکی ئاسایی بووە.

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات (هەسەدە) ئاماژەی بەوە دا کە لەو ڕێککەوتننامەدا، هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی نێوخۆی سووریە و هێزەکانی دیکەی هەسەدەش دەبنە بەشێک لە سپای ئەو وڵاتە و لەو ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی سەبارەت بە هۆکاری ڕێککەوتنەکە، باسی لەوە کرد کە مەترسیی کۆمەڵکوژی و پلانێکی گەورە لەسەر ناوچەکە هەبووە و  لەوبارەوە ڕایگەیاند: "هەوڵی زۆرمان دا شەڕەکە ڕابگرین، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەو ئاستەدا نەبوو هێرشەکە ڕابگرن، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بە مەبەستی پاراستنی گەلەکەمان واژۆ بکەین".

هەروەها ناوبراو خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانی دڵنیا کردەوە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە سپای سووریە ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردستانەوە. ئەرکی پاراستنی نێوخۆی شارەکان لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایش بە واتایەکی دیکە هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە بەشێک لە وەزارەتی نێوخۆی سووریە".

شایانی باسە لەو ڕێککەوتننامەیەدا بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوا پێداگرییان لەسەر پارێزراوبوونی تایبەتمەندیی ناوچە کوردستانییەکان لە ڕووی کارگێڕی، فەرهەنگی و پەروەردەییەوە کردووەتەوە.

هەروەها لەو ڕێککەوتننامەیەدا، خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە تاکوو زانکۆ بە فەرمی دانی پێدا نراوە و بەڕێوەبردنی ناوچەکان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و پۆستەکانیان بەیاسایی دەکرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوا لەبارەی ڕوانگەی نێونەتەوەیی بەنیسبەت ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕایگەیاند: "فەرەنسا و ئەمریکا وەک گەرەنتیکار لە وردەکارییەکانی رێککەوتننامەی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریە ئاگادارن".

ئیلهام ئەحمەد هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە مێکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە پێکدەهێنرێت.

شایانی باسە هەر لە سەرەتای گرژی و شەڕفرۆشییەکانی حکوومتی کاتیی سووریە لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، هەموو بەشەکانی کوردستان لە ڕێگەی جۆراوجۆری وەک خۆپیشاندان، هاوکاریی مرۆیی، هاوکاریی مادی و دەیان ڕێگەی دیکەوە پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان لە بەرخۆدانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ڕۆژاوا کوردستان دەربڕی.