سەرچاوەیەکی ڕۆژاوایی ئاگادار لە ڕەوتی ڕاوێژکاریی ئەمنییەتی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئاستی بەرزی بڕیاردان لە واشنگتۆن و ئورشەلیم، هێرشی نیزامی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی حەتمییە و ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانە.
ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە کەشی زاڵ لەسەر وتووێژەکانی ئەو دواییە نیشان دەدات کە گفتۆگۆی سەرەکی چیتر لەسەر ئەوە نییە کە هێرش دەکرێت یان نا، بەڵکوو لەسەر کاتی گونجاو لە ڕوانگەی نیزامی، سیاسی و ناوچەیی قەتیس کراوەتەوە و ئەو کاتە دەتوانێت کورتخایەن و لە ماوەی چەند ڕۆژ یان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی چەند حەفتەییدا بێت.
هاوکات، دۆناڵد ترامپ بە ئاماژەدان بە جووڵەی نوێی هێزە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ناوگانێکی گەورەی هێزی دەریایی ئەمریکا خەریکی جێگربوون لە ناوچەن.
ناوبراو هەروەها گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بە باش دەزانێت، بەڵام پشتڕاستی کردەوە ئەگەر ڕێگای دیپلۆماسی سەرنەکەوێت، ئەنجامەکان قورستر دەبن.
ئەو سەرچاوەیە پشتڕاستی کردەوە کە بەپێچەوانەی دەورەکانی پێشوو، ڕوانگەی ئێستای بڕیاردەرانی ئەمریکایی و ئیسرائیلی لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران بنیاد نەنراوە.
لە بەرامبەردا، عەباسی عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەفەر بۆ تورکیە ڕایگەیاند کە تاران هیچکات لەسەر بەرنامەی مووشەکیی خۆی وتووێژ ناکات و ئەو بابەتەی بە بەشێک لە ئەمنییەتی تەناهی ئێران زانی کە وتووێژی لەسەر ناکرێت و هەروەها وتووێژ لەژێر فشار و هەڕەشەی ڕەت کردەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوە ڕۆژاواییە، لە هەڵسەنگاندنە نوێیەکاندا، ئەو سناریۆیەی لە پێشە، لە ڕووی ئاست و پێکداکانەکان لەگەڵ ڕابردوو قیاس ناکرێت و مەبەستی سەرەکی لێدانی گورزێکی کاریگەر بۆ لاوازکردنی لانیزۆر و لە کۆتایی ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە و لە ئەگەری بەشداریی ئیسرائیل، پانتایی ئەو هێرشە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوتر ببێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا پشتڕاستی کردەوە کە بڕیار دراوە و تەنیا هۆکاری دیاریکەر، کاتی جێبەجێکردنیەتی.