وێنە نوێی ماهوارەییەکان نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامی بەبێ ڕوونکردنەوە و لەژێر سێبەری گرژییەکان و سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکانی نێوخۆیی، دەستی بە نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنی سایتەکانی ناوکی خۆی لە نەتەنز و ئێسفەهان کردووە.
هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان و بە پشتبەستن بە وێنەکانی ماهوارەیی شیرکەتی "پلەنێت لەبز" ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەستی بەسازکردنی بانێکی نوێ لەسەر ئەو بینایانە کردووە کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کرانە ئامانج.
ئەوە یەکەمین نیشانەی چالاکیی بەربڵاو لەو ناوەندانە لەدوای هێرشەکانە و ئەو بانە نوێیانە ڕێگرێکی سەرەکین بۆ چاوەدێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بارودۆخی سایتە ناوکییەکانی ڕێژیم کە لەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژە ئیجازەی بە چاوەدێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی نەداوە سەردانی سایتەکانی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ بکەن.
وێنەکان هەروەها نیشان دەدەن کە ئێران خەریکی سازکردنی سایتێکی ژێرزەمینی نوێ لە نزیکی نەتەنز و بەهێزکرنی بەرگری سایتی تاڵەقانی ٢ لە پارچینە.
ئەو پرۆژانە پڕکردنەوەی هەندێک لە توونێلەکان بە خۆڵ و سازکردنی بانی بێتۆنی ئەستوور بۆ کەمکردنەوەی خەسارەکان لە کاتی هێرشەکانی موشەکی لەخۆ دەگرێت.
کارناسانی ئەو بوارە هەروەها زیادیان کرد کە ئەو چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەگەری هەیە بۆ ئەوە بێت کە بزانێت کە ئایا ئۆرانیۆمی بەرهەمهێنراوی خۆی لە هێرشەکان ڕزگاریان بووە و بەبێ ئاگاداری ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێیان ڕابگات.
پێش هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران سێ سایتی سەرەکیی ناوکی بە ناوەکانی "فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان"ی هەبوو کە بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ناوکی، ڕێژیم لە سایتی نەتەنز ئۆرانیۆمی تا ئاستی ٦٠ لەسەد پیتاندبوو کە مەودایەکی کەمی تەکنیکیی لەگەڵ ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٩٠ لەسەد هەیە کە بۆ سازکردنی چەکی ناوکی بەکار دێت.