ڕێکخراوەی نیزام پزشکیی ئێران دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک پزشکی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئامارێکی ڕوون سەبارەت بە ئەم گرتنانەی لەبەر دەستدا نییە.
محەممەد میرخانی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی نیزام پزشکیی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بەبێ ئەوەی کە تیشک بخەینە سەر هۆکار و ڕێژە، هەندێک پزیشک دەسبەسەر کراون".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕاپۆرت و ئاماری فەرمی و متمانەپێکراو لەسەر پزیشکە دەسبەسەرکراوەکان بە ئاسانی دەست ناکەوێت و زۆربەی زانیارییەکانیش لە ڕێگەی گفتوگۆی نافەرمی لەنێوان هاوکارانیانەوە دەست دەکەون.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت بڵاو کراونەتەوە کە ئاماژە بە دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە کادری دەرمان و پزیشک لە شارە جیاوازەکاندا دەکەن.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم دەسبەسەرکردنانە ژمارەی جیاواز خراوەتە ڕوو و هەندێک دەڵێن ژمارەیەک پزشک بەهۆی چارەسەرکردنی بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانەوە دەسبەسەر کراون، هەندێکی دیکەش پێیان وایە هۆکاری دەسبەسەرکردنیان ئامادەبوونیان لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بووە.
سەرەڕای ئەمانە تا ئێستا هیچکام لە شوێنە فەرمییە بەناو دادوەری و ئەمنییەتییەکان ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.