کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەكان (UNPO) لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دۆخی ئێستای ئێران هەڵوێستی گرت

21:42 - 15 بەفرانبار 2725

ڕێكخراوی یوو ئێن پی ئۆ لە بەیاننامەكەیدا لەسەر ئەوە جەخت دەکاتەوە کە ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار؛ قۆناغێک کە لەوەدا داڕمانی ئابووری، تێکچوونی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی ڕەوايەتی سیاسی قەیرانێکی قووڵی لە سەرانسەری وڵاتدا دروست کردووە. UNPO پێداگری دەکات کە ئەم دۆخە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێدی هێدی دروست بووە و ئێستا گەیشتووەتە خاڵێک کە چیتر ناتوانرێت بە چارەسەری کاتی یان بڕیارە کورت‌ماوەکان کۆنترۆڵ بکرێت. 

لە ڕوانگەی UNPO، بارودۆخی ئێستای ئێران نیشانەی سەرکەوتوونەبوونی بنەڕەتیی سیستەمی حوکمڕانی و چوارچێوە یاساییەکانە؛ سیستەمێک کە لە جیاتی وەڵامدانەوەی سیاسی، پەنای بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵ بردووە. لە بوارى ئابووریدا، نرخى دراوی نیشتمانی بەتوندی داڕووخاوە، هەڵاوسان بە خێرایی بەرز بووەتەوە و ئێران زیاتر لە سیستەمی دارایی و ئابووری نێودەوڵەتیدا دوور خراوەتەوە. ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی فراوانبوونی نەداری و گوشارێکی قورس لەسەر ژیانی خەڵک و زیادبوونی ناڕەزایەتیی گشتی لە سەرانسەری وڵاتدا.
لە كوتایی بەیاننامەكەی یوو ئێن پی ئۆدا هاتووە هیچ چارەسەرێكی یەكجاری بە بێ ئەوەی مافی ڕەوای هەموو گەلانی ئێران لە بەرچاو بگرێت، ناتوانێت سەركەوتوو بێت.