تەرمی شەهید ئەحمەد هێمن لاوی نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری کەرکووکی باشوور کوردستان کە خۆبەخشانە بە مەبەستی یارمەتیدانی بەرخۆدانی ڕۆژاوا دژ بە حکوومەتی کاتیی سووریە بەشداری کردبوو، لە شاری حەسەکەوە بەرەو کەرکووک بەڕێ کرا و لەلایەن خەڵکی باشووری کوردستانە پێشوازی لە تەرمەکەی کرا.
ئەحمەد هێمن لاوی تەمەن ٢٣ ساڵانی خەڵکی شاری کەرکووک کە وەک ئەرکێکی نیشتمانی بە ئامانجی بەرگریکردن لە ڕۆژاوای کوردستان خۆبەخشانە بەشداریی لە بەرخۆدانی ڕۆژاوادا کردبوو، دوای ١٠ ڕۆژ لە گەیشتنی بە ڕۆژاوا لە شاری حەسەکە شەهید بوو و تەرمەکەی ڕەوانەی باشووری کوردستان کرا و لەلایەن خەڵکی بەئەمەگی شارەکانی دهۆک، هەولێر و کەرکووکە بە دروشمی "شەهید نامرێ" بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.
هاوکات عومەر ئەحمەد، باپیری شەهید ئەحمەد لەبارەی شەهیدبوونی کوڕەزاکەیەوە بە میدیاکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندووە کە: "سەربەرزین بە شەهیدبوونی کوڕەکەمان و شانازیی پێوە دەکەین. ئێمە کوردایەتی دەکەین و ئەگەر وانەکەین لەنێومان دەبەن".
بەرخۆدانی ڕۆژاوا و بەرەنگاربوونەوەی هێزە کوردستانییەکان دژ بە پاوانخوازی و شەڕفرۆشییەکانی حکوومەتی کاتیی سووریە دژ بە گەلی کورد، هەستی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەری بزواند و لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە چین و توێژە جیاوازەکانی پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ برا و خوشکەکانیان لە ڕۆژاوا دووپات کردەوە و بە سەدان لاوی خاوەن هەڵوێستی کوردستان خۆبەخشانە بەشدارییان لەو بەرخۆدانە مەزنەدا کرد و ئێستاش لە مەتەرێزەکانی بەرگری لە خاکی کوردستاندان.