کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی خەبەریی کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

23:43 - 15 بەفرانبار 2725

کۆبوونەوەی باڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦) بەڕێوە چوو. لەم کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و دوا گۆڕانکارییەکان لە کوردستان خرایە بەر باس، پشتیوانی لە خەبات و ڕاپەڕینی سەراسەریی گەلان و پێکهاتەکانی ئێران کرا، و بڕیار لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش و بەرهەمدار بۆ بەهێزکردن و گوڕوتین بەخشین بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی درا.

ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەرپرسی دەورەیی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانە لە وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا ئامانج لە دانیشتنەکەی شی کردەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لەو دۆخەدا پتر لەسەر شانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوورسایی دەکا. پاشان کۆبوونەوەکە بە ڕا و سەرنج و بۆچوونی بەشداران دەوڵەمەند کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی کە بەرهەمی دەیان ساڵ گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامییە بەرز نرخێندرا و؛ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، ئیلام، مەلەکشایی و لوڕستان بە بڕياری ڕاستەوخۆی خامنەیی کە دیسان مافخوازیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی بە ئاژاوە ناو برد، مەحکووم کرا. هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم دواییانە لە سەرانسەری ئێران لە مەلەکشایی و ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دوژمنکاری و سەرکوتی سیستماتیکی بزووتنەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان، دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کاک سەید برایم عەلیزادە، دەبیرئەوەڵی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ کاک عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ کاک ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کاک حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان؛ کاک ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ سەرۆکایەتیی هەیئەتی حیزبەکەیان کردبوو.

 

ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران

١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦)