کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی دوو لاوی کورد لە ئاکامی ڕەشبگیرییەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیم لە کەرەج

09:45 - 16 بەفرانبار 2725

بەپێی زانیارییەکان دوو لاوی خەڵکی ئاوایی ئەحمەوئاوای تیکاب بە ناوەکانی ئارمین ڕەحیمی و سینا مورادی کە شەوی هەینی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لە دوای دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، شەوی هەینی ١٢ی بەفرانبار هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئارمین ڕەحیمی ٢٠ ساڵە و سینا مورادی ٢٣ ساڵەی خەڵکی ئاوایی ئەحمەوئاوای تیکابیان لە کەرەج دەسبەسەر کردوون و هەتا ئیستا لەمبارەوە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان لەمەڕ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، لە ماوەی ٩ ڕۆژ خەبات و ناڕەزایەتیی خەڵک لە سەرانسەری ئێران لە دژی هەڵاواردنی سیستماتیک، نەداری، دۆخی نالەباری ژیان، نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، هەڵاوارنی نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئایینی، ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم زیاتر لە ١٦ خۆپیشاندەریان کوشتووە و نزیک بە ٥٨٢ کەسیان کە زیاتریان تایبەت بە ئیلام و کرماشان و لوڕستانن دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپاوە، لە ماوەی ڕۆژانی ١١ هەتا ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم ٣٠ کەسی دیکە لە نێوانیشیاندا چەندین ژن و مێرمنداڵ لە پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کراون.