کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارکی نیشتمانیی کۆڵبەران' لەسەر سنوور و برنجبارانی نیشتمان

12:21 - 16 بەفرانبار 2725

دارسمە

لە نوێترین دەستپێشخەریی کۆماری ئیسلامیدا بڕیارە بەم زووانە "پارکی نیشتمانیی کۆڵبەران" لە دامێنی کێوێکی بەرزی کوردستان بە فەرمی بکرێتەوە. ئەم پڕۆژەیە برینێکی قووڵتر لە جاران  لەسەر جەستەی "دشمنان قسم‌خورده" و بەکرێگیراوانی سەهیۆنیسم و مەهیۆنیسم و ئەمریکا و مەمریکا دروست دەکات. پارکێک  لە بناگوێی "مرزداران غیور" ئەمبەر و ئەوبەری ئەم سنوورە هینە دروست بکرێت و ناوی کۆڵبەرانیشی لەسەر بێت، ئەوە شتێکی زۆر ناوازە و نوێیە و دەکرێت وەک یەکێک لە دیارییە نوێیەکانی کۆماری ئیسلامی لێک بدرێتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی دەستەڵاتەوە دزەیان کردووە، بڕیارە ئەم "پارکە نیشتمانییە" وەک "ھەنگاوێکی بێوێنە بۆ پێشخستنی گوزەرانی کۆڵبەران و پاراستنی مافەکانیان" نمایش بکرێت.

شوێن و دیمەنی پارەکەکە

"پارکی نیشتمانیی کۆڵبەران" لە خاڵی سفری سنووری، لە ناوچەیەکی شاخاوی و دڵڕفێن دروست دەکرێت و بە دیمەنی مینی چێندراو و سەربازخانان دەڕازێندرێتەوە. وا دەردەکەوێت ھەڵبژاردنی ئەم شوێنە "ستراتیژییە" بۆ ئەوە بێت کۆڵبەران لە نزیکەوە چێژ لە خزمەتگوزارییەکانی پارکەکە وەربگرن و لە ھەمان کاتدا ھەمیشە چاوایان بەو "ئاسایشە" و "پێشکەوتنە" بکەوێت، "نظام مقدس" بۆیانی دابین کردووە. دڵنیام سەیری چیا سەختەکان و دیمەنی مینە چێندراوەکان لە کاتی پشووداندا ڕۆحێکی نوێ بە جەستەی ماندووی کۆڵبەراندا دەکات.

ڕێڕەوە تایبەتەکانی کۆڵبەری و پاراستنی ڕەسەنایەتی پیشەکە

یەکێک لە تایبەتمەندییە ھەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم پارکە، بوونی "ڕێڕەوە تایبەتەکانی کۆڵبەری"یە. ئەم ڕێڕەوانە بە شێوەیەک دیزاین کراون بە مەبەستی پاراستنی "ڕەسەنایەتی" و "سەختی" پیشەی کۆڵبەری زۆر لێژ و پڕ لە بەرد و چاڵ دیزان کراون. وەک بەرپرسێکی حکوومەتی گوتی: "پێویستە کۆڵبەران ھەست بەوە بکەن ئەم کارە قورس و پڕ مەترسییە و بەمجۆرە نرخ و بەھای کارەکەیان لە بیر نەچێت." بێگومان، ھەموو ڕێڕەوەکان بە دیوارێکی بەرز و تەلبەند لە دیمەنی جوان و سرنج ڕاکێشی وەک گوندە چۆڵکراوەکان و پڕۆژە ناتەواوەکانی حکومەت جیا کراونەتەوە و بەمجۆرە  کۆڵبەران تەنیا سەیری ڕێڕەوکە دەکەن.

بورجی چاودێری بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی کۆڵبەران

لە بەشێکی دیکەی پارکەکەدا، "بورجی چاودێری" دروست دەکرێت و بە کامێرای پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای نایاب تەیار دەکرێت. ئەم بورجانە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆڵبەران نییە، بەڵکوو وەک بەرپرسان دەڵێن، بۆ "چاودێریکردنی ورد و بێوچانیانە" تا "خێرایی و بەردەوامی و توانای بەرگەگرتنی" کۆڵبەران بپێورێت. بەم زووانەش خشتەیەکی نوێی پێوانەکردنی خێرایی کۆڵبەریی لە وڵاتدا بڵاو دەبێتەوە. هەروها بە هۆی ئەو بورجە تەندروستیانەوە، دەرکەوێت کام کۆڵبەر کەمترین پشوو دەدات و زۆرترین بار ھەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا وەک "سیمبولی خۆڕاگری" لە میدیا فەرمییەکاندا ناوی بڵاوبکرێتەوە. وەک ھەمیشە، ئاسایشی کۆڵبەر ژیانیەتی، نەک بارەکانی!

وێستگەی فریاگوزاری سەرەتایی و خزمەتگوزارییەکی نموونەیی

یەکێک لە خاڵە ھەرە درەوشاوەکانی ئەم پارکە، دامەزراندنی "وێستگەیەکی فریاگوزاریی سەرەتایی"یە و وەک زانیارییەکان ئاماژە‌ی پێ دەکەن ئەم وێستگەیە تەنھا باندێکی پانسمان و یەک قوتووکە حەبی ئازارشکێنی ماوە بەسەرچووی تێدایە. قوتووە حەبەکە نووسراوی سەری کاڵ بووەتەوە و شارەزیان لەسەرئەمە کۆک نین ئاخۆ ئاسپرینە، ئیستامینۆفە، ئادۆڵد کۆڵدە یان دیفلۆکناکە، بەڵام ئیشاڵڵا دیازپام یان شتێکی دیکەیە. پزیشکێکی لێهاتوی سەر بە "خانواده‌ی معظم شهدا"ش دەڵێت: "ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی بایەخدانی حکومەتە بە تەندروستیی کۆڵبەران. ئەوە دەفەرموێت ھەر برینێک بە باندێک چاک بێتەوە و ھەر ئازارێکیش بە حەبێکی ماوە بەسەرچوو نەمێنێت، نێشانەی بەهێزبوونی بەرگریی لەشی نەخۆشەکەیە. ئەمەش نیشانەی ئەوپەڕی ڕێزگرتنە لە کۆڵبەر و  پێشان دەدات ئەو کۆڵبەرەی لە بەرزاییەوە هەڵدەدێرێت و لە نێو بەفر و شەختە و بەستەڵەکدا ئاو بە سمێڵیەوە دەبێتە سه‌هۆڵ، هەر نەخۆشییەکی هەیبێت، سەربەرزانە بە حەبی ئازارشکێنی ماوە بەسەرچووش چاک دەبێتەوە.

پەیکەری کۆڵبەری ونبوو، نیشانەی شانازیی نیشتمانی

لەم پارکەدا پەیکەرێکی گەورە بۆ "کۆڵبەری ونبوو" دروست دەکریت. وەک بەرپرسێکی فەرهەنگی ڕایگەیاند، ئەم پەیکەرە "ھێمایەکە بۆ قوربانیدانی بێ ناونیشانی ئەو قارەمانانەی کە بۆ ئابووریی وڵات گیانیان بەخت کردووە و دانانی ئەم پەیکەرە بۆ ئەمەیە کۆڵبەرانی نێو پارکەکە هەست بەو ئارامییە بکەن لە سایەی ئەم پارەکەوە بۆیان پێک‌هێنراوە.

دەرفەتێکی ناوازە:

کردنەوەی "پارکی نیشتمانیی کۆڵبەران" لەسەر سنوور، نەک ھەر چارەسەری کێشە قووڵەکانی خەڵکی کوردستان دەکات و ھەوڵێکی ناوازەیە بۆ ئەوەی کاری کۆڵبەران بە تەواوی ڕێک‌بخرێن، بەڵکوو هەوڵێکیشە بۆ شکاندنی گەمارۆی ئابووری و تێرکردنی سکی ئەو خەڵکەی بە تەما پاش تێربوونی ئەوانی سەرووتر لە خۆیان تێربن.

مزگێنیی برنجبارانی خاکی پاکی نیشتمان

پێنج ڕۆژ بەر لە دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەی بەردەستتان، ئاژانسی هەواڵی حکوومەتیی ئێران (ایرنا) لە زمان بەرپرسانی پاریزگای ورمێەوە هەواڵی کەلـله‌تەزێنی بڵاوکردەوە و دەڵێت ٩٠٠ تۆن برنجی دەرەکی لە ڕێگەی سنوورەوە و بە کۆڵی کۆڵبەران هاوردەی ئێران دەکرێت. بەرپرسێک دەڵێت ئەم بارە برنجە یەکدانە و هەمووی وێکڕا دەکوڵێت و یەکی دیکەش پێی‌وایە ئەم پڕۆژەیە بە چەند سەر سوودی لێدەکەوێتەوە.

هیچ بەدووریشی مەزانن لەگەڵ کرانەوە‌ی پارکی کۆڵبەران، کاروانی درێژی ئەم باربەرە دووپێیانە دوور لە چاوی گەمارۆی ئابووری، خاکی پیرۆزی ئێران لە بەندەری چابەهارەوە هەتا "سەرخەس و سنووری بازرگان و ئەم حاجی ئۆمەرانەی خۆمان برنجباران بکەن. یاڕەبی وابێت. ئیلاهی ئاممین.

لێکدانەوەی چەند وشەیەک:

مرزداران غیور: بەو کوردە چەکدارانە دەگوترێت لە سەر سنووری دەستکردی نێوان کوردان بە کۆڵبەران دەحەپن.

برنجباران: ڕێگەچارەی قەرەبووکردنەوەی بێبارانییە و برنج بێ‌ئەوەی پێویستی بە باران بێت و پێڤاژۆی ڕووچوون بە ژێر زەوی و بە چەڵتووک‌بوون تێپەڕێنێت، ڕاستەوخۆ دەبارێت بەسەر ئۆمەتی "گرفتار در صحنە"دا دەبارێت.

دشمنان قسم‌ خورده: لە کاتێکدا ئێمە وەک موسوڵمان تەنیا سوێندخواردن بە خوا و قورئانمان پێ سوێندە، ئەگەر وابێت ئەو دوژمنانەی قەسەم دەخۆن وەک ئێمە موسوڵمانن.

خانواده‌ی محترم شهدا: ئەو بنەماڵە بەڕێزانە دەگرێتەوە، دوای ئەوەی لانیکەم کەسێکیان لە شەڕی پاراستنی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەدەست داوە و ئێستا دەستەڵات هەرزنیش بە کڵاویان ناپێوێت.