هاوکات لەگەڵ بەربڵاوتربوونی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە سەرانسەری ئێران، ڕێژیم لە ڕێگەی ناردنی کورتەنامە و ڕاگەیەندراوی فەرمی و دانی پارەی نەخت و بڵاوکردنەوەی کاڵابەرگەوە، جارێکی دیکە سیاسەتی دانی باجی بژێوی گرتە بەر.
بەپێی نووسراوە فەرمییە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، ڕوو لە بنەماڵەکان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بۆنە ئایینەییەکانەوە بڕە پارەیەک یان بە نەختی یان وەک کارتی کڕینی شتومەکە پێویستەکان دەدرێتە سەرپەرستی بنەماڵەکان.
لەو ڕاگەیەندراوانەدا باس لە دانی یەک میلیۆن تمەن بۆ هەر کەسێک کراوە و بەڵێنیان داوە لە بەستێنی ئیمکانی کڕینی چەند شتومەکی پێویست بە نرخی کەمیان بۆ دەرەخسێنن.
ئەو هەوڵانەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی ئێران لەژێر گوشاری قورسی هەڵاوسان، گرانیی هەوسارپچڕاو و کەمبوونەوەی توانای کڕیندان، قەیرانێک کە ڕاستەوخۆ هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لێ کەوتەوە.
ڕێژیمی تاران کە هەستی بە نەبوونی توانایی خۆی لە کۆنتڕۆڵی قەیرانە پێکهاتەییەکان کردووە، دەیهەوێت لەو کاتە هەستیارەدا بە دانی بڕە پارەیەکی کەم و بەڵێنیی کورتمەودا پێش بە تووڕەیی خەڵک بگرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەو سیاسەتانە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان بەڕوونی دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیم بەنیسبەت بەردەوامیی ئاڵوزییەکان و ئەگەری گۆڕانیان بۆ ڕاپەڕینێکی سەرانسەری بە جیددی ترسی لێ نیشتووە.
ئەزموونی ساڵەکانی ڕابردوو دەریدەخەن کە وەها هەوڵگەلێکی ڕواڵەتی نە تەنیا کێشە ئابوورییەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو بێمتمانەیی و چوونەسەرەوەی تووڕەیی کۆمەڵایەتیی بەدواوە دەبێت.
دانی پارەی بڕگەیی و بەڵێنیی بژێو، دوایین کەرەستەکانی ڕێژیم بۆ کاتکڕین لە بەرانبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانییەکان و بەردەوامیی قەیرانی ئابووری و بێوڵاممانەوەی داخوازییەکانی خەڵکە، ئەو سیاسەتانە ناتوانێت ڕێگری لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بکات و ئەوەش نیشانەیەکی ئاشکرای ڕێژیم لە ڕووخان و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بە ئەژمار دێت.