کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥

16:02 - 16 بەفرانبار 2725

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاپۆرتی ٣ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە سێ مانگی کۆتایی ٢٠٢٥، زیاتر لە ١٠٠ لاوی کورد لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ١٤ تاوەکوو ٣٥ ساڵ، بە تۆمەتی جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە و هۆکاری نادیار دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان، لە سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠ لاوی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی  ئیسلامیی ئێراندا بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان، جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، مادە هۆشبەرەکان و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە لەسێدارە دراون.

هەروەها لەو سێ مانگەدا لانیکەم ١٤ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانیان لەدەست داوە. هەروەها دوو کۆڵبەر لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ کەوتنە ژێر ڕنوو و گیانیان لەدەست دا و لانیکەم سێ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین بریندار بوون و ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە. هەروەها لانیکەم ٦ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.  

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هێزەکانی ئێران پێچەوانەی هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەوپەڕی دڕندەیییەوە جارێکی دیکە دەستیان بە سەرکوتکردنی خەڵک کردووەتەوە. بەتایبەت لە ئیلام و کرماشان تا ئێستا چەندین حاڵەتی کوشتنی ناڕازییان و بریندارکردن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران تۆمار کراوە.