کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕکردنەوەی کۆنتڕۆڵی ئەمنییەتی لە کرماشان و دانانی کامێرای چاودێری لە بابایادگاری داڵاهۆ

16:17 - 16 بەفرانبار 2725

لە درێژەی سیاسەتە ئەمنیەتییەکان و کۆنتڕۆڵی دامەزراوە پیوەندیدارەکان بە ڕێژیمەوە، ئیتلاعاتی شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، دەستی کردووە بە دانانی کامێرای چاوەدێری لە گوندی بابایادگار.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری "داڵاهۆ"، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان دژی ڕێژیمی ئیسلامی، ٩ کامێرای چاودێرییان لە گوندی بابایادگار "بان زەردە و زەردەی باوەیادگار" داناوە.

بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتییانی ئەم گوندە پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بوون و بەشێکیشیان شەهید بوون، هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە پابەند بە ناسنامە و باوەڕی نەتەوەیی و ڕۆحی شۆڕشگێرانە و ئازادیخوازیی خۆیانن.

دانانی ئەم کامێرایانە لە چوارچێوەی سیاسەتە ئەمنییەتییەکان و بە مەبەستی چاوەدێریکردنی بەردەوامیی هاتوچۆ، سیخوڕیکردن بەسەر خەڵک، زیادبوونی گوشار، هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر و کۆنتڕۆڵکردنی هاووڵاتییانە.

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان لەم ساڵانەی ڕابردوودا لە ئێران، دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم جەختێکی زۆریان لەسەر شار و گوندە کوردییەکان کردووەتەوە.

چڕکردنەوەی ڕێکارە چاوەدێرییەکان لە سەرانسەری کوردستان، گوزارشت لە نیگەرانیی ڕێژیم لە ڕۆڵی کورد، لە ناڕەزایەتی و پێشهاتە سیاسییەکان لە ئێراندا دەکات.