ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێران، هۆکاری ناڕەزایەتییەکانیان بۆ نالەباریی دۆخی ئابووری، گەندەڵیی پێکهاتەیی و ناکارامەیی بەڕێوەبەریی گەڕاندووتەوە و سەرەڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، بەنیسبەت ترسی ڕێژیم لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان هۆشداریی دا.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دەیان ساڵە بەڕێوەبردن و نەبوونی شایستەسالاری، گەندەڵیی بەربڵاو لە ئاستە بەرزەکانی ڕێژیم، بژێوی توێژێکی گەورەی کۆمەڵگەی بەتەواوەتی وێران کردووە و خەڵکی ناچار کردووە جارێکی دیکە شەقام بکەنە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی و داخوازییەکانیان.
بە وتەی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان، ناڕەزایەتییەکان کە سەرەتا لە بازاڕەوە دەستیان پێ کردووە، لە خواستێکی تەواو ئابووری تێپەڕیون و بە پشتیوانی چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە لە داواکارییەکی ڕەهای ئابوورییەوە بۆ ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاراستە کراون.
مامۆستایان بە ئاماژەدان بە مامەڵەی ڕێژیم لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە جەختی لەوە کردەوە کە وەک لە ئەزموونەکانی پێشوودا ڕێژیم نەک هەر نەیتوانیوە دان بە داواکارییە ڕەواکانی خەڵکدا بنێت، بەڵکوو بە سەرکوتکردنی توندی ناڕازییان لە شارە جۆراوجۆرەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی شەهید و بریندار کردووە؛ ڕێبازێک کە لە ترسی خاوەن ڕانت و دەسەڵات و سامانەکان لە بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان سەرچاوە دەگرێت.
بەیاننامەکە وێڕای ئاماژە بە ڕێژیمی ڕووخاو و ناڕەوای پەهلەوی سەبارەت بە هەوڵی هەندێک تاقم بۆ گۆڕینی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک هۆشداری دەدات و باس لەوە دەکات کە هیچ تاک و تاقمێک مافی ئەوەی نییە خەباتی جەماوەری بگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسی یان دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات.
ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایان جەختی لەوە کردەوە کە ڕای گشتی، بە ئاگاداری لە مێژووی خوێناویی ئەم بزووتنەوەیە سەبارەت بە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێک لە ئیرادەی نەتەوەی ناڕازی هۆشداری دەدات.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە وەبیرهێنانەوەی زیاتر لە حەفتا ساڵ مێژووی بزووتنەوەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان لەسەر ڕێگای دادخوازی و ئازادی، ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی بە درێژەپێدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" زانیوە و پشتیوانی و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ناڕازییان ڕاگەیاندووە.
لە کۆتاییدا مامۆستایان وێڕای ڕاسپاردە بۆ هێزە نیزامییەکان بۆ خۆبواردن لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییان، جەختیان کردەوە کە گەیشتن بە گۆڕانکاریی پێکهاتەیی، بەردەوام و دادپەروەرانە تەنیا ڕێگای دەربازبوون لە قەیرانی ئێستا و وڵامدانەوەی داواکارییەکانی نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانە.