بەرەی یەکگرتووی کورد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، شەهید و سەرکوتکردنی ناڕازییان لە شاری مەڵکشایی پارێزگای ئیلام مەحکووم دەکات و وێڕای هۆشداری لە دەرەنجامی بەردەوامیی توندوتیژی دژی هاوڵاتییان، داوای کردووە دەستبەجێ کۆتایی بەم سەرکوتکردنە بهێنن و ڕێز لە مافە مەدەنییەکانی هاووڵاتییان بگرن، هەروەها ڕووداوەکان بە شیوازێکی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکان، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، هاووڵاتییان بە پشتبەستن بە مافە یاسایی و مەدەنییەکانی خۆیان و بە شیوازی هێمنانە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی هەنووکەیی خۆیان دەربڕیوە.
بەم حاڵەشەوە، ڕاپۆرتی نیگەرانکەر لەبارەی پێکدادانی توندوتیژ لەگەڵ خۆپیشاندەران بڵاو کراونەتەوە، کە ئاماژە بە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دەکەن.
بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی ئەم بەیاننامەیە، لە مەڵکشایی ئیلام، هاووڵاتییان کە بەبێ بوونی چەک یاخود هەر ئامرازێکی هەڕەشەئامێز، لە کاتی خۆپیشاندان و کاتێک نزیک بنکەیەکی سەربازی دەبنەوە، ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان دەبنەوە، هەوڵێک کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ناڕازییان.
بەرەی یەکگرتووی کورد، ئەم ڕووداوەی بە "کارەسات" ناو هێناوە و هەر بڕیارێکی پەیوەست بە تەقەکردن لە ناڕازییان بە شێوەیەکی توند مەحکوم دەکات.
هەروەها ئەم بەرەیە، بە شێوازێکی توند و هەڕەشەئامێز ڕایگەیاندووە، کە بەردەوامیی سەرکوت، شەهیدکردنی هاووڵاتییان و لەبەرچاونەگرتنی مافە یاساییەکانی هاووڵاتییان، ئێرانیان بە ئاراستەی قەیرانی قووڵتردا بردووە؛ قەیرانێک کە "هیچ برینێک سارێژ ناکات و هیچ ئازارێک ئەهوەن ناکاتەوە، کارەسات وڵات بەرەو لەناوچوون دەبات".
بەرەی یەکگرتوی کورد لە کۆتاییدا، بە دەربڕینی هاوسۆزی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و برینداران، خوازیاری جێبەجێکردنی دادپەروەری، بەدیهێنانی مافە لەدەستچووەکان، و هەروەها دامەزراندنی دادگایەکی دادپەروەرانە بۆ دادگاییکردنی سەرجەم ئەنجامدەرانی ئەم ڕووداوە بووە. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە برینی "شەممەی ڕەشی مەڵکشایی" وەکوو ڕووداوە خوێناوییەکانی تر، تەنیا بە وەدیهێنانی داخوازییەکانی هاووڵاتییان و داکۆکیکردنی ڕاستەقینە سارێژ دەکرێت.