کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ مانگرتنی گشتی لە کوردستان

10:13 - 17 بەفرانبار 2725

حەوت حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کردووە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و هاوپەیوەندی لەگەڵ هاونیشتمانییان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان (کرماشان، ئیلام و لوڕستان)، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، مانگرتنی گشتی بەڕێوە بەرن.

ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پشتیوانی لە بانگەوازی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە مەدەنییەکان دەکات، بە مەبەستی هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە و بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە خراپەکاری و پیلانێکی ڕێژیم و هێزە سەرکوتکەرەکانی، یەکگرتووانە هاوهەڵوێست، وەک هەمیشە پشتیوانی گەل بن.

با بە هەڵوێستێکی یەکگرتووانەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە، وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران، خاوەنداریەتی لە هەڵوێستی ئازایانەی خوشک و براکانمان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان بکەین، هەروەها سیاسەت و کردەوە جینایەتکارانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار بکەین.

 

ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی