کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی چالاکێکی سیاسی لە ئاودانان

10:55 - 17 بەفرانبار 2725

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە کوردستان و ئێران، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری "ئاودانان" هێرشیان کردە سەر ماڵی چالاکێکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات و لەئاکامدا چەند کەسی ئەو بنەماڵەیە بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، شەوی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام هێرشیان کردە سەر ماڵی "پەژار مەلەکی" چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات و لە ئاکامی ئەو هێرشە چەکدارییەدا "عسمەت قاسمی" دایک و "ئەمین مەلەکی" و "میلاد مەلەکی" براکانی ئەو چالاکە سیاسییە بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کران.

پێشتر و لە ڕەوتی شۆڕشی ژیناشدا و لە دوای ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکی ئاودانان و داگرتنی پەیکەری بسیج لە گۆڕەپانی سەرەکیی ئەو شارە، هێزە سەرکوتکەر و ئەمنییەتییەکان ماڵی پەژار مەلەکیان گەمارۆ دا و دەستیان بە تەقە و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ کرد کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا برایەکی پەژار بریندار کرا.

پەژار مەلەکی، نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد و نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە کە تا ئێستا چەندین جار هەڕەشەی تێرۆر و ڕفاندنی لێ کراوە و هەروەها چەندین جار خێزانەکەی کوتوونەتە بەر هەڕەشە و هێرشی هێزەکانی ڕێژیمەوە.