ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانبار ماڵپەڕی فەرمیی سمارت تراولی ئۆسترالیا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە بڵاو دەکرێتەوە ڕایگەیاندووە، کە لە ئێستادا ناڕەزایەتیی توندوتیژانە لە هەموو ئێران درێژەی هەیە و ئەگەری هەیە بەبێ هۆشداریی پێشوەختە تەشەنە بستێنێت و زیاتر بێت.
ئەم ماڵپەڕە بە ئاماژە بە کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت خۆپێشاندانەکان وتوویەتی کە ڕێژەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەران یان بریندار کراون و گیراون یان کوژراون.
سمارت تراول داوای لە هاووڵاتییانی کردووە کە لە چوون بۆ گردبوونەوەکان، ڕێپێوان و خۆپێشاندانەکان خۆیان ببوێرن، هەروەها داوایان کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نەچنە ئێران و ئەگەریش لە ئێرانن بەو زووترین کات ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن.
لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلیشدا، ئوسترالیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە باڵوێزخانەی خۆی لە ئێران داخست و هاوکات چەند وڵاتی دیکەش وێڕای داخستنی باڵوێزخانەکانیان، داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان کرد کە لە سەفەرکردن بۆ ئێران خۆ ببوێرن یان بە زووترین کات بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.