کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ناڕەزایەتیی خوێندکاران

15:50 - 11 بەفرانبار 2725

 یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ناڕەزایەتیی خوێندکاران پەیامێکی بڵاو کردەوە، دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

لە چەند مانگی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لە زانکۆ گەورەکانی ئێران، بەتایبەت زانکۆی تاران، زانکۆی پیشەسازیی شەریف و زانکۆی بەهەشتی و خواجە نەسیر و... سەری هەڵدا. خوێندکاران بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و دروشم‌دان، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە چەندین بابەتی جیاواز لەوانە: دەرکردنی سزای سێدارە بۆ چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، نزمیی ئاستی پێڕاگەیشتن، هەڵاواردن، خوێندنی پووڵی، کێشەی ئینتەرنێت، کێشەی خەوگە و... دەربڕی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی دابەزینی زیاتری بایەخی تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا، سەرەتا لە بازاڕی مۆبایلی تاران چەندین ناڕەزایەتیدەربڕین ڕوویان دا و وردەوردە بۆ چەند شاری تریش گواسترایەوە. لەم نێوەدا خوێندکارانیش ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە زانکۆوە گواستیانەوە بۆ سەر شەقامەکان و وێڕای خەڵک لەو خۆپیشاندانە مەدەنییەدا بەشدارییان کرد و جارێکی دیکەش سەلماندیان توێژی خوێندکار لە ئاست پرس و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکاندا بێدەنگ نابێت و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی بە گوێی دەسەڵاتدا دەگەیەنێت.

توێژی ئاگامەندی خوێندکار، لە مێژووی تێکۆشانی پیشەیی و سیاسی-کۆمەڵایەتیی خۆیدا هەمیشە یەکێک لە توێژە بزوێنەرەکانی کۆمەڵگە بووە، بە جۆرێک کە بەشێک لە گۆڕانە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان سەرەتا لە زانکۆوە دەستی پێکردووە، ئینجا گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگە. لە ئێستادا زۆربەی کارناسانی بواری سیاسی و چاودێرانی سیاسیی ئێران لەو باوەڕەدان زانکۆ و خوێندکار دەتوانن ڕۆڵی پێشەنگایەتییان لە داواکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێ و گەر زانکۆ وەک بزوێنەرێکی کۆمەڵایەتی وەجووڵە کەوێ، ئەوە ناڕەزایەتیی گشتی بە ئاقاری گەورەتردا تێپەڕ دەبێت.

لەم کاتە هەستیار و مێژووییەدا خوێندکاری کوردی زۆرمان لە زانکۆ جیاوازەکانی ئێراندا هەیە و بێگومانین لە ناڕەزایەتیی خوێندکاراندا بەشدارییان کردووە و بەردەوامیشن لە بەشداریکردنیاندا، بەڵام چاوەڕوانییەکان لەو خوێندکارە کوردانە ئەوەیە لەم دۆخە هەستیارەدا، بتوانن خوێندکارانێکی شوناسپارێز بن و لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا بتوانن لە پاڵ ویستە پیشەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیاندا، ویست و دروشمەکانی بزووتنەوەی سیاسی و ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بەرز بکەنەوە و زانکۆش بکەنە گۆڕەپانێک بۆ بەرزکردنەوەی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد.

ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئەوەی لە ویستە سیاسی-کۆمەڵایەتی-پیشەیییەکانی خوێندکارانی ناڕازی پاڵپشتی دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ویستە نەتەوەییەکانی خوێندکاری کورد لە پێشەوەی ویستەکانی تر دادەنێین و بەو مەرجەی ئەو داخوازییانەیان دژایەتییەکی لەگەڵ ئەو ویستە سەرەکییەی ئێمەدا نەبێ و مافی نەتەوەیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی نێو ئێران پارێزراو بێت، پاڵپشتیی بێ ئەملاولای خۆمان لە ویستە ڕەواکانیان ڕادەگەیەنین و داوا لە خوێندکارانی کوردیش دەکەین لەگەڵ دەنگهەڵبڕینی ئەواندا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان هەڵبڕن و جەخت لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەنەوە و هەوڵ بدەن هاوکارییەکی زیاتریان لەگەڵ خوێندکارە پێشکەوتنخواز و دێموکراتەکاندا هەبێت.

دەبێ ئاگاداری ئەوە بین سەنگەری زانکۆ لە هێرش و هەوڵی خۆسەپێنانەی هەندێک لایەنی پێشتر تاقیکراوە بپارێزرێ و هەوڵ بدرێ لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەی وا دان بە مافی نەتەوەیی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا دەنێن و هەروەها خوێندکارانی خودی ئەو نەتەوانە، هاوپەیمانییەکی ستراتیژیک پێک بهێنرێت. دەبێ ئەو ڕاستییەمان لەبیر بێت ویستێکی هاوبەشی سەرەکیمان هەیە ئەویش نەمانی کۆماری ئیسلامییە، دەبێ ئەم هەوڵانە ببنە بنەمایەک بۆ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و لە ئاکامدا نەهێشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرکەوێ خەباتی خەڵکی ئێران لە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە

سەرکەوێ بزووتنەوەی خوێندکارنی لە کوردستان و لە ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی

٣١ی دیسامبری ٢٠٢٥ی زایینی