بە ناوی خوای دادوەری، تۆڵەئەستێن
لووتکەی بەرز و پیرۆزی جیهاد وەستانەوەیە دژی ستەمکار ، (پێغەمبەر دخ)
هاونیشتمانییانی خۆشەویست، گەلی وەزاڵەهاتوی ستەملێکراو، باوەڕدارانی بەهەڵوێست، زانایانی ئایینی و پێشەوایان و میراتگرانی ڕێبازی مەزنی پێغەمبەران (دخ)
ڕوون و ئاشکرایە ڕێژیمی بە ناو ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆیدا لە هیچ بێڕێزی و ستەم و چەوساندنەوەیەکی شارۆمەندی و نەتەوەیی و مەزهەبی درێغی نەکردووە. ژین و دینی خەڵکی بە فەنادا بردووە و ئەوەی بۆی نەکراوە دەستی پێ ڕانەگەیشتووە، ئیرادە و هێزی جەماوەری لەشکاننەهاتوویە،
بۆیە لەمەڕ وەستانەوەی جارێکی دیکەی جەماوەری دژی ئەو ستەم و بێدادیی و سەرکوت و کوشتنانەی ئەو چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئێستا هاونیشتمانان و هاوزمانانمان لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام و کرماشان ، پێویستە و بە ئەرکی ئایینی و نیشتمانی ئەزانین وێکڕای تەواوی جیل و توێژەکان بە دەم داخوازی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە بڕۆین و لەم خەباتە مەدەنییەدا بۆ هاوسۆزی ئەو خەڵکە زامدارە، بەشداری بەرچاو و یەکدەنگمان هەبێت لە مانگرتنی گشتیدا.
دەنگی ستەملێکراو و چەوساوەی خۆمان بە پێشگای خوا و کۆمەڵگای جیهانی و خەڵکی ئازادیخواز و مافپەروەر بگەینین.
کۆمەڵێک کەسایەتی و زانای ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی