کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی حیزبی چەپی ئێران لە بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان

22:09 - 17 بەفرانبار 2725

 

دەستەی سیاسی - کارگێڕیی حیزبی چەپی ئێران

ئەمڕۆ یازدەیەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵکە لە سەرتاسەری ئێراندا و خۆڕاگری لە بەرانبەر دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا. لەم یازدە ڕۆژەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەستبەسەرکردنی بەرفراوان و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە خەڵک، هەوڵی داوە پێش بە بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرێت. سەرکوتی خوێناوی لە کرماشان، ئیلام، لوڕستان، تەورێز و ناوچەکانی دیکەی وڵات، جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئەم ڕێژیمە بۆ مانەوەی خۆی دەست بۆ هەر تاوانێک دەبات، بە جۆرێک کە مەئموورانی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی تەقەکردن لە خەڵک، بە توندوتیژی و زەبروزەنگەوە هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکانیش، تا بریندارەکان بناسنەوە و دەستبەسەریان بکەن.

حیزبی چەپی ئێران لە بەرانبەر ماشینی سەرکوت و کوشتاری کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی ئێران وەستاوەتەوە و بە هەموو توانای خۆیەوە پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکان، ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنەکانی خەڵک دەکات و خۆی بە بەشێک لەم هەوڵانە بۆ ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەزانێت. لەم هەڵوێستەشەوە، پشتگیری لە هەر کردەوەیەک دەکات کە بتوانێت لە خزمەت بەهێزکردنی بزووتنەوەی خەڵک و بەرەوپێشبردنی بێت. لەم پێناوەدا ئێمە پشتیوانی لە بانگەوازی «ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری»ی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەکەین و لەگەڵیدا هاودەنگین. ئێمە ئەم مانگرتنە گشتییە بە بەشێک لە بزووتنەوەی سەرانسەریی خەڵکی ئێران دەزانین و داوا لە هەمووان دەکەین بە کردەوە لەپێناو هاودەنگی لەگەڵیدا، بێنە مەیدان.

حیزبی چەپی ئێران داوا لە هەموو ئەوانە دەکات کە دڵیان بۆ ئازادی و ڕزگاری لە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لێ دەدات، بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە نەنگینە و دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک کە لەسەر بنەمای دەنگی ئازادانەی خەڵک بێت، لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکاندا کە یازدە ڕۆژە بەردەوامن، بەشداری بکەن. ئێمە لە هەموو حیزبە سیاسییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەخوازین کە بەم بانگەوازە وەڵامی ئەرێنی بدەنەوە، بە پشتیوانیکردن لێی و بەهێزکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری، وەڵامێکی ددانشکێن بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەزگای سەرکوت و کوشتارەکەی بدەنەوە. ئەم مانگرتنە دەتوانێت باشترین دەرکەوتەی هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان لە ساتەوەختی ئێستادا بێت. ئێمە بە دەربڕینی بێزاری لە تاوانەکانی مرۆڤکوژانی حکوومەت، ڕاپەڕین بۆ ڕزگاری لە ڕێژیمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بە مافی خەڵک دەزانین.

حیزبی ئێمە لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، لە تەنیشت خەڵک و هەموو ئەوانەدا دەوەستێت کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بونیادی حکوومەتی ئیستبدادی مەزهەبی لە وڵاتەکەماندان.

 

دەستەی سیاسی - کارگێڕیی حیزبی چەپی ئێران

١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ - ٠٧ی ژانویەی ٢٠٢٦