خۆڕاگری: ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە بە ئاماری دەسبەسەرکراوان و کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار و ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، تایبەتە بە هاووڵاتییانی کورد لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دوای ئەوەی خۆپێشاندانەکانی خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەڕبڕین بە دۆخی خراپی ئابووری لە بازاری گەورەی تاران دەستی پێکرد و دواتر سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پرنسیپێکی مافی مرۆڤی و ئازادی گردبوونەوە و خۆپێشاندانی مەدەنی، زۆر بە توندی و دوور لە هەموو ڕێسا و یاسایەکی مرۆیی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی ئازادیخواز، وەستایەوە. رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە جێگای وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خەڵک بە گولـلەی جەنگی وڵامی خوپێشاندەرانی دایەوە، کە لە ئاکامی ئەو جینایەتە سامناکەدا بە هەزاران کەس کوژراو و برینداربوون و بەهەزاران کەسیشی بە ڕەشبگیری لە زیندانە تاریکەکانیدا دەسبەسەر کردووە کە بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەماوەی خۆپێشاندانەکانی مانگی ژانویەی ٢٠٢٦ی زاینییدا، تا ئێستا بەتەنیا لە هاووڵاتییانی کورد لە ئێران و کوردستان ناسنامەی ٢١٩ کەس ئاشکرا کراوە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران گیانیان لەدەست داوە و بەشی هەرەزۆری خەڵکی هەر چوار پارێزگای ڕۆژهەڵات کوردستانن.
لە خشتەی ژمارە یەک/١ ئاماژە کراوە کە:
کرماشان(١٣٨ کەس واتە ٦٤٪)،
ئیلام(٢٤ کەس واتە ١١٪)،
سنە(١٥ کەس واتە ٧٪)،
ورمێ(١١ کەس واتە ٥٪)،
مەشهەد(١١ کەس واتە ٥٪)،
خۆراسان(٨ کەس واتە ٤٪)،
هەمەدان(٥ کەس واتە ٢٪)،
لوڕستان(١ کەس واتە ١٪)،
تاران(١ کەس واتە ١٪)،
قەزوێن (١ کەس واتە ١٪)
بەشێکیان ژن و منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵانن.
خشتەی ژمارە دوو/٢
لە ١٩٩ پیاو کە گیانیان لەدەست داوە، ١١ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵانە و لە نێوان ٢٠ ژنی کوژراو، ٤ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵانە کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵانە.
هەروەها لەماوەی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی "ژانویەی ٢٠٢٦ی زاینیی" بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، تا ئێستا ناسنامەی ٣٩٠ کەسی دەسبەسەرکراو (٣٧٠ پیاو کە ١٦ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵانە و ٢٠ ژن کە ١ کەسیان تەمەنی خوار ١٨ ساڵانە) لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی خۆڕاگری ئاشکرا بووە.
خشتەی ژمارە سێ/٣ تایبەتە بەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٦ دەسبەسەر کراون.
ئیلام(١٦٧ کەس واتە ٤٣٪)،
کرماشان(١٠٧ کەس واتە ٢٨٪)،
سنە(٧٠ کەس واتە ١٩٪)،
ورمێ(٣٥ کەس واتە ٩٪)،
خۆراسان(٨ کەس واتە ٢٪)،
تاران(١ کەس واتە ٠٪)،
گیەڵان(١ کەس واتە ٠٪).
ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕوانینە، بە پچڕان و نەمانی ئینتەرنێت بەداخەوە تا ئێستاش ئاسەواری ئەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی دەرنەکەوتووە کە بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە سەرانسەری ئێران و کوردستان گیانیان لەدەست داوە و بەدەیان هەزار کەس بریندارن کە لەترسی دەسبەسەرکردنیان ناتوانن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و پەنا بۆ دەرمانی سەرەتایی دەبەن کە ئەوەش مەترسی گیان لەدەست دان و چوونەسەری ئاماری قوربانیان دەباتە سەر.
لەو ماوەیەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بارودۆخی دەستڕانەگیشتن بە هێڵەکانی ئینتەرنێتی قۆستووەتەوە و بە دەیان کەسی لە زیندانەکان بەتۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە داوە، لەوانە ٢ بەندکراوی ئاینیی کوردیش بە ناوەکانی "ئامانج کاروانچی و ئەرسەلان شێخی" لە ناو ئاماری لەسێدارەدراون دەبیندرێن. لەلایەکی دیکەشەوە ئەو نیگەرانییە لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان هەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستە سیاسییەکانی خۆی دەست بۆ ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار ببات، ئەوەش لەوەڕا سەرچاوە دەگرێت کە ڕۆژانە ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکان لە بەرزبوونەوەدایە.
تێبینی: ئەوەی تا ئێستا لەبەردەستدایە ئاماری کۆتایی نین، ئەو ژمارەی کە تا ئێستا تۆمار کراون تا ٣١ی ژانویەی ٢٠٢٦ پشتڕاست کراونەتەوە، بۆیە ڕۆژانە ئەو ئامارانە لە بەرزبوونەوەدان.
ئامادەکردنی ڕاپۆرت:
ئەنجومەنی زیندانییەسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٣١ی ژانویەی ٢٠٢٦
https://xoragri.com/?p=21109
فەیسبووک: https://www.facebook.com/anjumanizindanian?mibextid=ZbWKwL
تێلگرام: https://t.me/xoragre
ئینستاگرام: https://www.instagram.com/political.prisoners?igsh=eTI1bzNsanQ3Mmgz
ئیکس https://x.com/xoragri