کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتالیا چالاکییەکانی لە تاران ڕادەگرێت

12:02 - 16 رێبەندان 2725

باڵوێزخانەی ئیتالیا لە تاران ڕایگەیاند، کە سەرجەم چالاکییەکانی کۆنسوڵخانەکەی ئەم وڵاتە لە تاران، تا ئاگادارکردنەوەی دواتر ڕاگیراون.

لە ڕاگەیەندراوی ئەم باڵوێزخانەیەدا هاتووە کە لەگەڵ بوونی ئەم بڕیارە، خزمەتگوزارییە پێویستییەکان، دەسبەجێ و بەبێ دواکەوتن بۆ هاووڵاتییانی ئیتالیایی نیشتەجێی ئێران بەردەوام دەبێت.

لەم ڕاگەیەندراوەدا وردەکارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بڕیارە یان کاتی دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئەم باڵوێزخانەیە نەخراوەتە ڕوو.

هەروەها باڵوێزخانەی ئیتالیا، داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردووە کە بۆ بەدەستخستنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لە ڕێگا فەرمییە ڕاگەیاندراوەکان لەگەڵ نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی ئەم وڵاتە لە پێوەندیدا بن.

ڕاگرتنی چالاکییەکانی باڵوێزخانەی ئیتالیا، لەکاتێکدا ڕادەگەینرێ کە لە حەفتەی ڕابردوودا، نیگەرانییە ئەمنییەتی و سیاسییەکان لە ئێراندا ڕوو لە زیادبوون و هەندێک لە وڵاتانی دەرەوە هەوڵی سنورداکردنی چالاکییە دیپلۆماسییەکان خۆیان کردووە.