کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانوستانە ناوکییەکان گەیشتوونەتە هەستیارترین قۆناغی خۆیان

12:26 - 16 رێبەندان 2725

هەواڵدەریی ئاکسیۆس باسی لە وردەکاریی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم بە پاساوی جۆراوجۆر شوێنگۆڕکێ بە شوێن و کاتی دانوستانەکان دەکەن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس، ڕێژیمی تاران لەبارەی دانوستانە ناوکییەکان کە بڕیار بوو ڕۆژی هەینی بەڕێوە بچێت، داوای لە ئەمریکا کردووە شوێنەکەی لە ئیستانبۆڵەوە بۆ عومان بگۆڕێت.

ڕاگرتنی تەواوی پڕۆسەی پیتاندنی ئورانیۆم، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی بالستیک و کۆتاییهێنان بە پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە سێ مەرجە پێشنیارکراوەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکانن.

سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی دا کە ئەگەر دانوستنەکان سەری نەگرت، ڕێژیمی تاران دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوی خراپ بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی وای نێت، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕاگرتنی تەواوی پیتاندنی ئورانیۆم، وەلانانی هەموو ئورانیۆمە پیتێندراوەکان، ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی بالستیک و کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی هێزە نیابەتییەکانی وەکوو هێڵی سووری ئیسرائیل لەو دانوستانەدا دیاری کردووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مێژووی دەسەڵاتداریدا، تەنیا ڕەوتی دانوستانەکانی بۆ بەفیڕۆدانی کات، خۆڕێکخستنەوە و بەلاڕێدابردنی ڕەوتی دانوستانەکان بەکار هێناوە.