گرژییەکانی ئەو دواییەی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی سەرەڕای کارییگەرییە سیاسییەکان، ناسەقامگیری و بەرزی و نزمیی بەرچاوی نرخی نەوتی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "سی ئێن بی سی"، دوابەدوای ڕێککەوتنی واشنگتۆن و تاران لەسەر درێژەدان بە وتووێژەکان لە عومان و ئەگەری کەمبوونەوەی گرژییەکان، نرخی نەوت لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندان دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
نەوتی خاوی ئەمریکا لە مامەڵەکانی ئاسیا بە ڕێژەی ١.٤ لەسەد دابەزی و گەیشتە ٦٤ دۆلار و ٢٦ سێنت لە هەر بەرمیل و پێوەری جیهانی "برێنت"یش بەهەمان ئەندازە دابەزی و بە ٦٨ دۆلار و ٤٩ سێنت مامەڵەی پێ کرا.
ئەو دابەزینە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە لەدوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئێران، نرخی نەوت هەڵکشانی ٣ لەسەدیی نەوتی بەخۆیەوە بینی.
کارناسان ڕایانگەیاندووە کە بازاڕی نەوت بەنیسبەتی سیگناڵە دیپلۆماتیکەکان کاردانەوەی دەبێت و ئەو سیگناڵانە بەهۆی گرژییەکان بەخێرایی دەگۆڕدرێن.
سی ئێن بی سی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ڕۆژانە نزیک بە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان لە گەرووی هورموز تێدەپەڕێت و ئەو گەروویە یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانی بازاڕی وزەیە و هەر چەشنە ئاڵۆزییەک دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزی و نزمیی نرخەکان هەبێت.