کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدەبانی مافی مرۆڤ بارودۆخی ئێران بە قەیراناوی‌تر لە ڕابردوو دەزانێ

21:26 - 16 رێبەندان 2725

ڕێکخراوی دیدەبانی مافی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، پەرژاوەتە سەر پێشێلکردنی بەرچاو و بێوێنەی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سێدارەکان، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، درێژەی گوشار و ڕاوەدوونانی ژنان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و دژبەرانی ڕێژیم، تەنانەت لە ساڵانی پێشووتریش قەیراناویتر بووە.

ڕاپۆرتی ئەمساڵ پەنابردنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی خوێناوی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییە و کوشتن و بریندارکردن و دەسبەسەرکردنی هەزاران ناڕازیی ئاشتیخوازی بە "زنجیرەیەکی دیکە لە خوێنڕشتن" ناو ناوە کە نیشاندەری قەیرانی ڕوو لەزیادبوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.

دیدەبانی مافی مرۆڤ بە ئاماژە بە دووهەمین ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سەرکوتی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕایگەیاند کە ڕێژیم لە مامەڵە لەگەڵ ناڕازیەتییەکان "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ئەنجام داوە و ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی ڕێژیم هەروا درێژەی هەیە.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها ئاماژەی بە جێبەجێکردنی زیاتر لە ٢ هەزار حوکمی سێدارە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە ڕەوتی دادگاییکردنی نادادپەروەرانەدا کردەوە و جەختی کردووەتەوە کە لە دوای چین، زیاترین ڕێژەی سێدارەکان لە جیهان، لە ئێراندا ئەنجام دەدرێن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا، باس لە دەسبەسەرکرانی سەرەرۆیانە و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، بەتایبەت دەسبەسەرکردنی نزیکەی ٢١ هەزار هاووڵاتی لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا کراوە.

لە بەشێکی گرینگی ڕاپۆرتی دیدەبانی مافی مرۆڤدا هاتووە کە ڕەوتی هەڵاواردن و هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دژ بە ژنان و کچان لە ئێران درێژەی هەیە.

ئەو ڕاپۆرتە جەختی کردووەتەوە کە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وەک کورد، بەلووچ، تەرک، تورکمەن و عەرەبەکانی ئەهواز و بەهاییەکان لەگەڵ هەڵاواردنی یاسایی بەرەوڕوون و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لەناو ئەو کەمینانەدا زیاترە.