وێنە ماهوارەییەکان نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامی، خەریکی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە مووشەکییەکانی خۆیەتی. ئاکسیۆس ئەم خێراییەی بە نیشانەی گرینگبوونی لایەنی نیزامی بۆ ئێران زانیوە.
نیویورک تایمز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بەخێرایی، چەند کۆمەڵەیەکی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی خۆی نۆژەن کردووەتەوە.
ئەم ڕۆژنامەیە ئەم خێراییە لە نۆژەنکردەوەی سایتە مووشەکی و ناوکییەکانی بە نیشانەی گرینگبوونی لایەنی نیزامی بۆ کۆماری ئیسلامی ناو بردووە.
بە وتەی کارناسان، زیاتر لە نیوەی ئەو بنکانەی کە لە شەڕی ١٢ی ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا کرابوونە ئامانج، خەریکە نۆژن دەکرێنەوە، بەڵام ڕوون نییە کە ئەم نۆژەنکردنەوەیە تا چەند توانیویەتی بەرەوپێش بچێت.
تلویزیۆنی سی ئێن ئێنیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئێران سەرەڕای گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە فرۆشتنی چەکوچۆڵ و چالاکییە بالستیکەکانی قەدەغە کردبوو، بەخێرایی خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەم بەرنامەیە.
ئەگەرچی باس لەم چالاکییە نیزامیانەی ڕێژیم دەکرێ بەڵام هێشتا سێ دامەزراوەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ، ناچالاکن.
ئەم هەوڵەی رێژیم لە کاتێکدایە کە جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ، ئەگەری ڕووبەڕوونەوەی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێرانی، زیاتر کردووە.