ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ئامادەی ناردنی پشکێنەرانی بۆ دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانە. ئامانجی ئەم ئاژانسە گەڕاندنەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی وتووێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتنە.
ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی باسی لە ئامادەیی پشکێنەرانی ئەم ناوەندە بۆ دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران کردووە.
گروسی جەختی کردووەتەوە کە دەبێت لە بنبەستی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە بێینە دەرێ و بەبێ چاوەدێری ئەم ئاژانسە مەترسیی دووبارەبوونەوەی شەڕ لەئارادایە.
گروسی بە کاناڵی "ڕووسیە ٢٤"ی ڕاگەیاندووە کە هەندێک لە سایتە بچووکەکان لە ئێران چاوەدێری دەکرێن، بەڵام هەر کات پێویست بێت ئامادەی پشکنین و بەدواداچوون بۆ بەشە گرینگەکانیشن.
سەرەڕای ناڕازیبوونی کۆماری ئیسلامی، گروسی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا نایهەوێت هیچ جۆرە چالاکییەکی وزەی ناوکی لە ئێراندا هەبێت.
بەم حاڵەوە پێویستە پشکێنەرانی ئەم ئاژانسە بۆ چاوەدێریی چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنەکان بچنە ئێران و ئەگەر ئەمە نەکرێت ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەیە.