
ڕەزا دانشجوو
هێرشی هێزەکانی ئەحمەد شەڕع سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریە بۆ سەر کورد و ناوچە ئۆتۆنۆمییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری سووریە، ئەگەرچی بەداخەوە بوو بەهۆی ئاوارەبوون و کوژران و برینداربوونی هەزاران کوردی ئازادیخوازی بێ تاوان، بەڵام لە هەمان کاتدا لاپەڕەیەکی نوێی لە بەئاگابوون و ڕێکخستنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی نەک تەنیا لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو بە پانتایی ئەم جوگرافیایە بەندکراوە هەڵداوە!
ڕاپەڕین و بزووتنەوەیەکی گەورە کە تەنانەت زۆرێک لە شارەزایان و زانایانی کوردی سەرسام کرد! ئەم ڕاپەڕین و بەئاگاهاتنەوەیە دەتوانێت دەستپێکی وەرزێکی تازە لە مێژووی خەبات و بەرخۆدان و ناسیۆنالیزمی کورد لە ڕێگەی دژوار و پێچاوپێچی گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی بێت. بەراورد بە ڕووداوەکانی پێشووتر پەیوەست بە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، ئەم ڕاپەڕین و بەرخۆدانە هەڵگری تاقمێک تایبەتمەندی ناوازە بوون کە لە درێژەی ئەم بابەتەدا بە کورتی دەخرێنە بەر باس؛
گواستنەوە لە پەراوێزەوە بۆ دەق
بەداخەوە دەتوانرێت بگوترێت کە لە زۆربەی جووڵانەوە و ڕاپەڕینەکانی پێشووتر لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، تەرکیز لەسەر پرس و کێشەیەکی دیاریکراو بووە و زۆر کەم ئەم پرسانە بوونەتە پرسێکی نەتەوەیی و جێی باسی تەواوی کوردستانیان، بەڵام ئەوەی لەم ڕاپەڕینە مەزنەدا ڕوویدا تێپەڕبوون لە هەر چەشنە دروشم و داخوازیی حیزبی و تاکەکەسی و بەئامانجگرتنی دروشم و داخوازییە نەتەوەییەکان بوو. باس لە ویست و ئاواتی لەمێژینەی کوردستانیان بە هەر بیر و بۆچوونێکی سیاسی. کلیلی چارەسەری بنەڕەتی هەموو گرفتەکانی کوردستان! ئەوەی کورد ساڵانێک بوو بە هۆکاری جۆراوجۆر و خۆسانسۆری یان گوشاری لایەنەکان خۆی لە وتنی بەدوور گرتبوو، ئەمجارەیان بوو بە نێوەڕۆک و دروشمی سەرەکی هەموو خۆپێشاندانەکان.
"کوردستان یەک وڵاتە و نابێت بە چوار" و ئەم دابەشکردنە ساختانە هەرگیز ناتوانێت هیچ بۆشاییەک و کەلێنێک لە نێوان کورددا دروست بکات. یەکگرتوویی حیزب و لایەنە جیاوازەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەبێ گوێدانە تاقمێک جیاوازیی بنەڕەتی لە شێوەی بیرکردنەوە و بیروبۆچوونی سیاسی لە هەڵوێستەکانیان بەرانبەر بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و بەگشتی پرسە نەتەوەییەکان، بێ هاوتا بوو. لە ڕاستیدا ئەمە یەکەم جار بوو کە داواکارییەکانی گەلی کورد بە ڕوونی و ئاشکرا لە ئاستێکی وادا دەرببڕدرێت.
نەوەی نوێ، وشیار و بەئاگا
خاڵێکی تری گرنگ و سەرنجڕاکێشی ئەم ڕاپەڕینە، شێوازی مامەڵەی نەوەی گەنج و تازەپێگەیشتووی کورد بوو لەگەڵ ئەم پرسە. نەوەیەک کە هەمیشە لە لایەن نەوەکانی پێشووەوە کەوتووەتە بەر ڕەخنەی توند و زۆربەی کاتەکان وەک نەوەیەکی کەمتەرخەم و خەمسارد سەبارەت بە کوردایەتی و پرسە نەتەوەییەکان باسی لێکراوە! بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانە و ئامادەبوونی بەهێزی نەوەی گەنج و تازەپێگەیشتووی کورد چ لە خۆپێشاندانەکاندا و چ چالاکبوونی بێ وێنەیان لە سۆشیال مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریخست کە ئەم باوەڕە چەندە هەڵە و نادروست بووە و تا چەند هێز و تواناکانی ئەم نەوەیە پشتگوێ خراون!
پێویستە بۆ ڕێزگرتن لەم نەوە بەهەست، شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرە کڵاو لەسەر لابەرین و هەستینە سەرپێ! ئەم بەئاگابوون و تێگەیشتنە قووڵە لە پرسە گرنگەکان پەیوەست بە نیشتمان شیاوی ستایش و پێزانینن! ئەو گەنج و لاوە شۆڕشگێڕانەی کە لە گۆڕەپانی بەرخۆداندا نیشانیان دا کە ڕۆڵەکانی بەئەمەگ و ڕاستەقینەی پێشەوای گەورەن و لە ڕێگای گەیشتن بە ڕزگاریی کوردستاندا لە هیچ هەوڵێک و تێکۆشانێک درێغ ناکەن! هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە هەمیشە ئامادەن بۆ ڕزگاریی کوردستان! بۆ شەڕکردن لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکان چوونە ڕۆژئاوا، لە هەموو ڕێپێوان و خۆپێشاندانەکاندا بوون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شۆڕشێکی ڕاستەقینەیان خوڵقاند، تەنانەت چوونە ناو یاریگاکانی تۆپی پێی ئورووپا و خۆیان تووشی دەیان گرفت و کێشە کرد تا جیهان تێبگات کە لە ڕۆژئاوای کوردستان چی ڕوودەدات!
ژنانی کورد، پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ
چ لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا چ لە بەرخۆدانی کۆبانی و شەڕی داعشدا، ژنانی کورد ڕۆڵێکی ناوازەیان بینی و توانیان وێنەیەکی تەواو پێشکەوتنخوازانە لە ژنی کورد بخەنە ڕوو. لە جوگرافیایەکدا کە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هێشتاش ژنان لە کۆمەڵگەدا وەک شارۆمەندی پلە دوو سەیریان دەکەن و هیچ کات وەک خۆیان قبووڵ نەکراون و بوونیان لە زۆربەی بوارەکاندا قەدەغەیە یان لانیکەم بەستراوە بە دەیان مەرج و پێشنیار و تەواو سنووردارکراوە، ژنانی کورد هەمیشە پێشەنگ و پێشڕەو بوون و لە بەرەکانی پێشەوەی هەموو بۆنە کۆمەڵایەتییەکانن. ئەمە بە مانای پەردەپۆشکردن و داپۆشینی بەشێک لە کێشەکانی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا نیە، بەڵکوو باس لەو ڕاستییە دەکات کە لەم جوگرافیایە تایبەتەدا کورد نموونە و وێنەیەکی جیاوازی ژنی خستووەتە ڕوو.
هەر دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریە بێڕێزییان بە ژنە شەڕڤانێکی کورد کرد، ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوان بە هەزاران چ لە خۆپێشاندانەکاندا و چ لە سۆشیال مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشانیاندا کە ژنی کورد خاوەنی چ هێز و توانایەکە و تەنانەت لە تاکە قژێکیش چەکێک بۆ خەبات و بەرخۆدان ساز دەکات! ئەو وانەیەی کە ژنانی کورد لەم ڕۆژانەدا فێری بەکرێگیراوانی ڕێژیمی سووریەیان کرد، ئێستا سنوورەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە بابەتێکی گرنگ لە سۆشیال مێدیا!
پشتبەستن بە ئیرادەی گەل
پشتبەستن بە توانایی و ئیرادەی گەلی کورد خاڵێکی گرنگی دیکەیە کە نابێت بە ئاسانی چاوپۆشی لێ بکرێت. ئەوە خۆڕاگری و خۆییبوون و پشتبەستن بە ئیرادە و هێزی بێ سنووری کۆمەڵانی خەڵک بوو کە توانی بەسەر ویست و داخوازییە ناڕەواکانی داگیرکەرەکانی کوردستان و تەنانەت زلهێزەکانی جیهانیشدا زاڵ بێت. واقیعی تاڵ و دڵتەزێنی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی دیکە دەریخست کە چیرۆکی تەنیایی کورد ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و وەک هەمیشە جگە لە شاخەکان هیچ هاوپەیمان و یارمەتیدەرێکی ڕاستەقینەی دیکەیان نیە. بەڵام هەر ئەم واقیعە تاڵە بوو بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ڕێکخستنەوە و وروژاندنی هەستی پاک و بێ وێنەی ناسیۆنالیزمی کوردی و پشتبەستن بە هێزی ناوازەی ئیرادەی گەل.
هەرچەندە ئەو ڕێککەوتننامەی لە نێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریەدا واژۆکراوە کەموکۆڕی تێدایە و بەشێک لە داخوازییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا پشتگوێ خراوە و ڕەنگە ئاستەنگی جۆراوجۆریش لە جێبەجێکردنیدا سەرهەڵبدات، بەڵام دوو داواکاری گرنگی کورد لەخۆدەگرێت کە ماوەیەکی زۆر بوو حکوومەتی تورکیە بە فشارخستنە سەر سووریە و تەنانەت بە پاڵپشتی ئەمریکا، دەیهەویست ڕێگرییان لێ بکات. یەکەم، هەرچەندە هێزە کوردییەکان لەگەڵ سپای سووریە تێکەڵ دەکرێنەوە و دەبنە بەشێک لە سپای سووریە، بەڵام یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خۆیان دەپارێزن و لە ڕۆژئاوا دەمێننەوە، ئەمەش ڕەنگە بۆ ئایندەی کورد زۆر گرنگ بێت. خاڵێکی تری گرنگ گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی کوردە، ئەمەش بە واتای ڕێگریکردن لە بەعەرەبکردنی زیاتر و گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانە.
هەر وەک باس کرا ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕەنگە دەنگدانەوەی هەموو داخوازییەکانی کورد و بە تایبەت خەڵکی ڕۆژئاوا نەبێت، بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە ئەم ڕێککەوتنە سەرەڕای هەموو کەموکۆڕییەکانی، هەنگاوێکە بۆ پێشەوە و بێگومان دەرئەنجامی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ناوازەی گەلی کوردە لە سەرانسەری جیهاندا. ڕۆڵی بێ هاوتای هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هاوکاریکردنی ڕۆژئاواش نابێت لەبیر بکرێت. ئەوە دەسەڵات و یەکگرتوویی کورد بوو کە توانی پێش بە ئەنفال و ژینۆسایدی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگرێت. هەر ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە بوو کە بووە هۆی ئەوەی تەنانەت نوێنەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە بکات. هەر ئەم هاوسۆزی و هاوکارییە بوو کە دەنگی کوردی گەیاندە دڵی پەرلەمانی ئورووپا و ئەمریکا.
ئەو دیمەنانەی لەم ڕۆژانەدا گەلی کورد لە کوردستان و لە سەرانسەری دونیادا خوڵقاندی، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە سەرەڕای ساڵانێک لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و گۆڕانی دێمۆگرافی و دەیان پلانی ترسناکی دیکەی داگیرکەرانی کوردستان، نەیانتوانیوە ڕۆحی ئازادی و دادپەروەری لەگەڵی کورددا لەناو ببەن. ئەم سنوورە دەستکردانە و ئەم جوگرافیایە سەپێندراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان و دەیان ڕووداوی ئاوارەیی و شەڕ و کۆمەڵکوژی، ئێستاش هیچ بەها و ئیعتبارێکیان لەلای خەڵکی کورددا نیە. سەردەمی خۆسانسۆری و دانبەخۆداگرتن کۆتایی هاتووە، ئێستا "کوردستان یەک وڵاتە و نابێت بە چوار" هاواری هەر تاکێکی کوردە، دەنگی هەر شەقام و کۆڵانێکە. دەبێت شانازی بەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە بکەین! نابێت بە شیکار و لێکدانەوەی تەسکی حیزبی و کاتی، ئەم دەستکەوتە گەورەی گەلی کورد کەم و بێ بایەخ نیشان بدرێت. پێویستە سپاسگوزاری ئەم پێکەوەبوونە بین و لە هیچ هەوڵێک بۆ پاراستن و فراوانکردنی درێغ نەکەین. دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە بەنرخترین چەکی خەباتی کوردە لە ڕێگای ئازادی و هیچ هێزێک ناتوانێت بەرانبەر ئەو یەکگرتوویی و یەکڕیزییە بوەستێتەوە. هەر ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە بوو کە هەموو هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانی گۆڕی و پیلانی داگیرکەرانی پووچەڵ کردەوە. ئێستا جیهان دەزانێت کە کورد چ قورساییەکی هەیە لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوچەییەکان. ئێستا جیهان دەزانێت کە سانسۆر و دوورخستنەوەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکان نە مومکینە و نە مەیسەر! هەموو لەم واقیعە تێگەیشتوون، کورد دەبێت بەشدار بێت! دەبێت بەشدار بێت! هیچ کێشەیەک لەم ناوچەیە بێ کورد چارەسەر نابێت!